قەیران گەورە بووە و هەڵاوسان زیادیکردووە

بەپێى ئامارەکانى دەوڵەتى تورک، لە مانگی شوباتدا و بە بەراورد بە مانگی پێشوو هەڵاوسان بە رێژەى ٠.٣٥ زیادیکردووە و بەراوردیش بە مانگی شوباتی ساڵاى رابردوو هەڵاوسان بە رێژەى ١٢.٣٧ زیادیکردووە.

داڕمانى ئابووریى تورکیا ئیتر بۆ دام و دەزگاکانى دەسەڵاتى ئاکەپەش ناشاردرێتەوە.

بەپێى دەزگاى ئاماری تورکیا (تویک - TUÎK) لە مانگی شوباتدا ئەندێکسی بەهای کاڵاکان بە بەراورد بە مانگی پێشوو بە رێژەى ٠.٣٥ بەرزبووەتەوە. پێشتریش لە مانگی کانوونی دووەم دا بەهای کاڵاکان و هەڵاوسان بە رێژەى ١.٧١ بەرزبوو بووە.

بە بەراورد بە مانگی شوباتی ساڵی پار، هەڵاوسان بە رێژەى ١٢.٣٧ بەرزبووەتەوە.

بەراورد بە ساڵی رابردوو بەهای کاڵاکان بەمشێوەیە بەرزبوونەتەوە، خواردنەوە کحولییەکان و توتن بە رێژەى ٤٠.١٥ لەسەد، ماڵ و موڵک و خزمەتگوزاری بە رێژەى ١٦.٤٤ و بەهای خانوبەرە و دوکان و شوێنى نیشتەجێبوون بە رێژەى ١٥.٣١ بەرزبوونەتەوە.

رێکخراوە سەربەخۆکانی بواری توێژینەوەى سەربەخۆ چەندجارێک رایانگەیاندووە، دەسەڵات دەستکاریى ئامارەکانى دەزگاى ئاماری تورکیا دەکات و رێژەى گرانبوون و هەڵاوسان کەمتر نیشان دەدات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت راستیى هەڵاوسان لەوە زیاتر بێت.

ژ.ت