لە ئافیۆنی تورکیا هێرشکرایە سەر کرێکارانی کورد؛ کرێکارێک کوژرا و ٢ کرێکاریش بریندار بوون

لە ناوچەی دینار لە پارێزگای ئافیۆنی تورکیا بە چەک هێرشکرایە سەر کرێکارانی بیناسازی و کرێکارێک بە ناوی ئۆزکان ت. کوژرا و ٢ کرێکاری تریش بە ناوەکانی فرات ت. و ئەمراه ئۆ. بریندار بوون.

لە ناوچەى دینار لە پارێزگای ئافیۆنی تورکیا بە چەک هێرشکرایە سەر کرێکارانی بیناسازی، کە لە ناوچەى ئەردیشی وانەوە بۆ کرێکاری چوو بوون بۆ ئەو ناوچەیە. لەو هێرشە چەکدارییەدا کرێکارێک بە ناوی ئۆزکان ت. کوژرا و ٢ کرێکاری تریش بە ناوەکانی فرات ت. و ئەمراه ئۆ. بریندار بوون.

هێرشە چەکدارییەکە بۆ سەر ئەو کرێکارانە لە کاتژمێر ١٩:٣٠ خولەکی ئێوارەی دوێنێ روویدا و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئەو هێرشە ئاشکرا نەکراوە و هێرشەکە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراوە، کە تا ئێستا ناو و ناونیشانیان روون نەکراوەتەوە. لەو هێرشەدا کرێکارێک بە ناوی ئۆزکان ت. تەمەن ٢٥ ساڵ کوژرا و ٢ کرێکاری تریش بە ناوەکانی فرات ت. و ئەمراه ئۆ. بریندار بوون. کرێکارە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

کەسوکاری ئەو کرێکارانە لە ئەردیشەوە خواستیان بڕۆن بۆ لای کرێکارەکان، بەڵام هەندێکیان لە کاتی چوونە دەرەوە لە ئەردیش و هەندێکیشان لە کاتی چوونە ناو ئافیۆن، لە خاڵی پشکنینی پۆلیس دا راگیران.

بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسێکی پۆلیس بە کرێکارە بریندارەکانی وتوە، کوژراوەکەى خۆتان ببەن و لێرە بڕۆن.

ئەو هێرشە لە کاتێکدایە، لە ٤ی ئەیلولی ئەمساڵدا هێرشکرابووە سەر ١٦ کرێکاری کوردی ناوچەى شەمرەخی مێردین، کە لە یەکێک لە باخەکانی فندق لە ساکاریادا کاریان دەکرد. هێرشبەرەکان سوکایەتییان بە کرێکارە کوردەکان کردبوو و لێیاندابوون و دواتریش هێرشبەرە فاشیستەکان هەوڵیاندابوو هەموویان بە زیندویی بسوتێنن. دوای چەند رۆژ لەو هێرشە ٢ کەس لە هێرشبەرە فاشیستەکان بۆ وتە وەرگرتن دەستگیرکرابوون، بەڵام بە خێرایی لەلایەن دادگاوە ئازاد کران.

ژ.ت