رۆژی چوارشەممەى رابردوو لە ویلایەتى هێسن لە ئەڵمانیا بەهۆی هێرشێکى چەکدارییەوە ٩ کۆچبەر لەلایەن فاشیستێکى ئەڵمانییەوە کوژران، کە ٥ کەسیان کورد بوون. دوێنێش ئەڵمانییەکى تری راستڕەوی توندڕەوە بە ئۆتۆمبێل هێرشکردە سەر ئامادەبوانى کەرنەڤاڵێک بە ناوی 'دوشەممەى گوڵەکان' لە شارۆچکەى ڤۆڵکمارسین لە شاری کاسل.
هێرشبەرەکە کەسێکى ئەڵمانی بووە و تەمەنی ٢٩ ساڵ بووە و بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردووەتە سەر ئامادەبوانی کەرنەڤاڵی دووشەممەی گوڵەکان و ٣٠ کەسی بریندار کرد، کە زۆرینەیان منداڵ بوون.
بەپێى ئەو زانیارییانەى پۆلیس و بەرپرسانی ئەڵمانی بڵاویانکردوونەتەوە، دۆخی تەندروستیى چەند کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.
شایەتحاڵەکانى رووداوەکە بە میدیاکانى ئەڵمانیایان راگەیاندووە، ئۆتۆمبێلەکە کاتێک خۆی کردووە بە ناو هاووڵاتییاندا بە ئەندازی ٣٠ متر رۆیشتوە و خەڵکى کردووە بە ژێرەوە.
وتەبێژی پۆلیس بە ئاژانسى دی پی ئەی راگەیاندوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی "هێرشەکە" و لەبارەى "بە ئەنقەسبوونی هێرشەکەوە" کردووە.
دواى رووداوەکە هەموو کەرنەڤاڵەکان لە ویلایەتى هیسن هەڵوەشێنرانەوە.
ژ,ت