لە رووداوی تەقەکردن لە شاری هاناوی ئەڵمانیا ١١ کەس کوژران – نوێکرایەوە

لە شاری هاناو لە ویلایەتى فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لە ٢ شوێنێدا هێرشی چەکداری ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە ١١ کەس کوژران. زۆربەى ئەو کەسانەى کوژراوان کوردن.

لە شاری هاناو لە ویلایەتى فرانکفۆرتی ئەڵمانیا دوێنێ ئێوارە ٢ هێرشی چەکداری ئەنجامدران و بەو هۆیەوە ١١ کەس کوژران.

بەپێى میدیاکانى ئەڵمانیا، هێرشبەرەکە سەرەتا هەڵیکوتاوەتە سەر یانەى نارگیلەى لە گەڕەکی هیومارکت و دواتر لە ناوچەى کسیلتاد چووە ناوەندێک بە ناوی ئارینا بار و تەقەى لە دەورووبەری خۆی کردووە.

بە گوێرەى زانیاریی میدیاکانى ئەڵمانیا، هێرشبەرەکە نەژادپەرستێکى ئەڵمانی بووە بە ناوی تۆبیاس ر.. ئاماژە بەوەکراوە، تەرمی هێرشبەرەکە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە ماڵەکەى خۆیدا لەگەڵ کەسێکى تردا دۆزراوەتەوە.

تۆبیاس ر. پێش هێرشەکە نامەیەکى لە دواى خۆی بەجێهێشتووە و نووسیویەتى "ئەو بیانیانەى، کە لە ئەڵمانیا دەرناکرێن دەبێت لەناو ببرێن".

بەهۆی هێرشی چەکداری هێرشبەرەکانەوە ٩ کەس کوژراوان و تەرمی هێرشبەرەکە و کەسێکی تر لە ماڵەکەیدا دۆزراونەتەوە و بەوەش ژمارەى کوژراوانی ئەو هێرشە بووە بە ١١ کەس.

بەگوێرەى زانیارییەکان، زۆربەى ئەو کەسانەى کوژراون کورد بوون.

ژ.ت