لە سەر سنوور زوڵم و ناهەقی لە کۆچبەران دەکریت

ئەو پەنابەرانەی دەوڵەتی تورک ناردوونی بۆ سەر سنوور، زوڵم و ناهەقییان لێدەکریت و رووبەرووی مردن و کوشتن دەبنەوە.

رەجەب طەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک کە وەک بەکارهێنانی کارتێکی فشار لە دژی ئەوروپا، پەنابەر و کۆچبەرانی ناردووەتە سەر سنوور، لە ئێستادا هێرشیان دەکرێتە سەر و ناهەقی و زوڵمیان لێدەکرێت.

پارێزگاری شاری ئەدرنە رایگەیاند، سوپای یونان هێرشی کردووەتە سەر کۆچبەران و لە ئەنجامدا کۆچبەرێک کوژراوە. پارێزگاری ئەدرنە هاوکات ئاشکراشی کردووە، لەو هێرشەدا ٦ کەسیش بریندار بوون.

لەم بارەیەوە ستیلیۆ پیتساس وتەبێژی حکومەتی یونانیش رایگەیاند، پارێزگاری ئەدرنە درۆ دەکات و وتی:"رووداوێکی بەم شێوەیە رووینەداوە. هێزە سەربازییەکانی یونان دەستڕێژیان نەکردووە سەر کۆچبەران."

بە پێی دەزگاکانی راگەیاندنی یونانیش، لە ناوچە ئەمنییەکانی سەر سنوور کە کۆچبەری لێ کۆبوونەوەتەوە، هێزەکانی پۆلیسی تورک بۆمبی فرمێسکرێژیان لە دژی کۆچبەران بەکار هێناوە و راشیانگەیاند دیمەنی ڤیدیۆیی ئەو رووداوانەیان لەبەردەستدایە.

هاوکات دەزگاکانی راگەیاندنی یونان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە، رۆژی شەممە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی یونان ٢١٨ پەنابەر کە لە تورکیاوە دەربازی خاکی یونان بوون، دەستگیریان کردوون. بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکانی وڵاتی یونان، ٢٦ هەزار و ٥٠٠ پەناری دیکە کاتێک ویستوویانە بە رێگای نایاسایی بچنە ناو خاکی یونان، دەستگیر کراون.

ز.ش