لە شتوتگارت و مارسیلیا گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ئیدانە کرا

گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شارەکانى شتوتگارتی ئەڵمانیا و مارسیلیای فەرەنسا ئیدانە کرا.

کوردستانیان لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا ئێوارەى دوێنێ رێپێوانێکیان بۆ ماوەى ٣ کاتژمێر رێکخست و بۆ ئۆجالان دروشمیان وتەوە.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا راگەیاندرا "ئێمەى کوردستانی لە دۆخی ژیانى رێبەرەکەمان نیگەرانین".

لە راگەیاندراوەکەشدا ئەوە هاتووە، ئۆجالان هەموو کات هەوڵی بۆ ئاشتی داوا و راشیانگەیاندووە "دەوڵەتى تورک پێداگری لەسەر گۆشەگیریی قورس دەکات و یاسا و مافە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات".

چالاکوانان بێدەنگیی حکومەتەکان و رێکخراوەکانى ئەوروپایان وەک کودەتایەک لە دژی ئاشتی و دیموکراسی لێکدایەوە و وتیان "بۆ ئازادی رێبەرەکەمان لە گۆڕەپان و شەقامەکان دەمێنینەوە. دەبێت مافی چاوپێکەوتنی هەفتانەى پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان کاری پێبکرێت و دەستبەربکرێت".

بە درێژایی رێپێوانەکە راگەیاندراو بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاوکرایەوە و چالاکییەکە لە گۆڕەپان کۆبانێ لە شتوتگارت کۆتایى پێهات.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا لە دژی گۆشەگیری چالاکییەک ئەنجامدرا.

کوردستانیان کاتژمێر ١٨:٠٠ دوێنێ ئێوارە لە گۆڕەپانی ڤیوکس پۆرت کۆبوونەوە و لە چالاکییەکەیاندا داوایانکرد، گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کۆتایى پێ بێت و رێگا بدرێت پارێزەران بە شێوەیى رێکو پێک سەردانى ئۆجالان بکەن.

چالاکوانان پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرزکردبووە و راگەیاندراویشیان لەسەر دۆخی ئۆجالان و ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەری دەکرێن، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرد.

ژ.ت