لەگەڵ رووداوی گیانلەدەستدانی کۆچبەران، فشارەکانی ئەردۆغان بەردەوامن

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدان و خنکانی کۆچبەران، ئەردۆغان بەردەوامە لە خۆشکردنی رێگای چوونە ئەوروپای کۆچبەران و دووپاتی کردووەتەوە لەسەر بەکارهینانی دۆسیەی کۆچبەران و بەردەوامی لە دروستکردنی فشار.

لە گەڵ هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کە کۆچبەران بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنێت، هەواڵی خنکان و مردنی کۆچبەرانیشی بە دوای خۆیدا هێنا کە رێگای بۆ کردووەتەوە و دەیاننێرێت بۆ سەر سنوور.

موغیلا ئەلشەریف کە کارمەندێکی ئاژانسی بی.بی.سی-یە لەسەر حسابی تایبەت خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە کە کۆچبەرێکی خەڵکی حەلەب بە ناوی ئەحمەد ئەبو عیماد ئەم بەیانییە کاتژمێر ٠٩:٠٧ لە نزیک ناوچەی ئیپسالا دوای ئەوەی لە ملیەوە بریندار بووە، گیانی لەدەست داوە.

ئەو کارمەندەی بی.بی.سی رایگەیاندووە، تەرمی ئەبو ئیماد گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرزیش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، گەنجێکی خەڵکی سوریا لەسەر سنوور گیانی لەدەست داوە.

رۆیتەرز هاوکات راشیگەیاند، لە کەناراوەکانی دوورگەی میلیدی تەرمی منداڵێک بە مردووی دۆزراوەتەوە.

بە پێی زانیارییەکان، لە دوورگەی میلیدی، هێزەکانی ئاسایشی یونان ٤٧ کەسیان رزگار کردووە کە کەشتییەکەیان ژێرئاو کەوتووە و منداڵێک گیانی لەدەست داوە.

دوای لێدوانەکانی تورکیا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، کە رایگەیاندبوو ئەوان رێگری لە کۆچبەران ناکەن کە دەیانەوێت بچن بۆ ئەوروپا، ٤ گەنج کاتێک ویستبوویان بە رێگای ئاوی بپەڕنەوە بۆ یونان، خنکان.

لەگەڵ رووداوی گیانلەدەستدان، فشارەکانی ئەردۆغان بەردەوامن

طەییب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری ئاکەپەی شارەکاندا قسەی کردبوو و بە بێ گویدانە گیانلەدەستدانی کۆچبەران، دووپاتی لەسەر بەکارهینانی دۆسیەی کۆچبەران و دروستکردنی فشار کردبووەوە.

ئەردۆغان وتبووی:"لە ئێستادا بە سەدان هەزار کەس دەیانەوێت خۆیان بگەیێننە ئەوروپا. لە ماوەیەکی نزیکدا پێدەچێت ئەو ژمارەیە بگاتە میلیۆنان کەس. ئیدی کاتی فیداکاری یەک لایەنە کۆتایی پێهات."

هەڕەشە لە رۆژنامەنووسەکان دەکرێت

کار گەیشتووەتە ئەوی، ئەو قاچاخچیانەی بە پارە کۆچبەران رەوانەی یونان دەکەن، هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەکەن.

یونان مانۆری سەربازی دەستپێکرد

حکومەتی یونان دوای ئەوەی کۆچبەران بە لێشاو روویان لە سنووری ئەو وڵاتە کرد، لەسەر سنووری وڵاتەکەی بە هێزی دەریایی و زەمینی و ئاسمانی دەستی بە مانۆری سەربازی کردووە. مانۆرەکە لە سنووری مەریجەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە هەرێمی ئیجە. ئامانجیشی ئەوەیە کە کۆچبەران واز لە چوونیان بۆ ئەو وڵاتە بهێنن.

بە راگەیاندنی ئەو هەواڵەی کە خاڵە سنوورییەکان بە رووی کۆچبەراندا دەکرێنەوە، لە سەرتاسەری تورکیاوە بۆ ئەوەی کۆچبەران خۆیان بگەیێننە شاری ئەدرنە، بە لێشاو بەرەو ئەستەنبول کەوتووەنە رێ. شۆفێری ئۆتۆبوس و پاس و تەکسییەکان، بە وتنەوەی 'ئەوروپا، ئەوروپا' بە دەنگی بەرز کۆچبەران دەگوازنەوە سەر سنوور. جگە لەوەی بۆ گواستنەوەیان پارەیان لێ دەسەنن، بۆ پێدانی هەر ناونیشانێکیش بە هەمان شێوە پارەیان لێدەسەنن.

شۆفێرێکی تەکسی لە ئەستەنبول باسی لەوە کردووە کە شەوی یەکەمی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کردنەوەی سنوور، ٤ هەزا دۆلاری لە خانەوادەیەک سەندووە تا گەیاندوویەتیە شاری ئەدرنە.

ز.ش