'موسا عەنتەر رەنجێکی زۆری دا'

حوسێن ئایکۆل کە پیاچوونەوەى بە کتێبی 'ئاپێ موسا ١٠٠ ساڵە' کردووە، باسی لە رەنجە زۆرەکەى موسا عەنتەر لە ناو چاپەمەنیی کوردی دا کرد.

بە ئیدیتۆریی حوسێن ئایکۆلی رۆژنامەوان و نووسەری رۆژنامەى یەنی یاشام کتێبێک بە ناوی 'ئاپێ موسا ١٠٠ ساڵە' بڵاوکرایەوە. ئایکۆل رایگەیاند، دەیانەوێت بۆ موسا عەنتەر چالاکیی بەرفراوانتر بەڕێوەببەن، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ناتوانن.

لە کتێبەکەدا ژمارەیەکى زۆر رۆشنبیر، هونەرمەند، نووسەر و سیاسەتمەدار بیرەوەریی خۆیان لەگەڵ ئاپێ موسا دا گێڕاوەتەوە. ئایکۆل لەبارەى کتێبەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "لە ساڵی ١٩٩٢ و لە کاتی کوشتنی موسا عەنتەرەوە تاوەکو ئێستا خەڵاتی رۆژنامەوانیی موسا عەنتەر و شەهیدانی چاپەمەنیی ئازاد دابەش دەکرێت. لە رێگەى ئەو خەڵاتانەوە هەموو ساڵێک یادیان بەرز رادەگرین. ئێمەی دۆست و هاوڕێیانی هەرگیز لە یادی ناکەین. ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ساڵە بوو، کە موسا عەنتەر بوو بە ١٠٠ ساڵ، بۆیە سالێکی گرنگ بوو. ئێمە پێشتر لەسەر ئەوە قسەمان کردبوو، بە تایبەتی لەگەڵ دیجلە عەنتر لەسەر بابەتەکە لە پەیوەندیدا بووین. دەمانخواست نەک تەنها لە تورکیا و کوردستان، بەڵکو لە ئەوروپاش پانێل و سیمیناری گەورە بە بەشداریی جەماوەر رێکبخەین، بە ڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دونیا هەژاوە و ساڵی ٢٠٢٠ بە شێوەیەکى باش دەستیپێنەکرد. دوای ئەوەى رێوشوێنەکان لە دژی کۆرۆنا لە مانگی حوزەیران دا سست کران، ئیمە بۆ کتێبەکە دەستبەکار بووینەوە. لە مانگی حوزەیران دا هەموو بیروەرەییەکانمان لەگەڵ ئاپێ موسا کۆکردەوە و لە مانگی تەممووزیشدا کرا بە کتێب. لە مانگی ئابیشدا چاپکرا و لە ١ی ئەیلول دا لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە بەسەر کتێبخانەکاندا دابەش کرا".

ئایکۆل سەرنجی خستەسەر رەنجی بنەماڵەى بەدرخان و موسا عەنتەر لە رۆژنامەگەری و چاپەمەنیی کورددا و رایگەیاند، ئەو میراتە بە رەنجێکی گەورە و زۆر قورس گەیشتووەتە ئێستا. راشیگەیاند "رۆژنامەى کوردستان سەرەتا ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە بڵاوکرایەوە. زۆربەى ئەو رۆژنامانەى لە دوای ساڵانی ١٩٠٠ بڵاوکرانەوە، لەلایەن کەسانی بنەماڵەى بەدرخانەوە ئامادەکران و بڵاوکرانەوە. بنەماڵەى بەدرخان بۆ رۆژنامەگەریی کورد وەک چنارێکن. کاتێک ئێمە دێین بۆ باکووری کوردستان دوای ساڵانی ١٩٤٠ هەوڵ دەدرێت، کە چاپەمەنیی کوردی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. دەستگیرکردن، زیندانیکردن و گوشار لە دژی چاپەمەنیی کوردی دەستپێکرد. لە ١٩٤٠ تاوەکو ١٩٧٠ بە بەردەوامی ناوێک دێتە پێشەوە و دەبیسترێت. ئەویش ناوی موسا عەنتەر... ئاپێ موسایە، کە خۆی گۆڤاری چاپ دەکرد، یان لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بابەتی بڵاودەکردەوە و لە رێگەیەوە هاوکاریی گۆڤار و رۆژنامەکانی دەکرد. لە راستیدا موسا عەنتەر میرات و نەریتی چاپەمەنیی بنەماڵەى بەدرخانی گەیاندە ئێمە".

ئایکۆل باسی ئەوەیکرد، لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ دا موسا عەنتەر و ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەنووس کوژران، چەندانی تر زیندانیکران و هەندێکیتر ناچاری دوورخراوەیی کرد، رۆژنامەکان بۆمبیان تیادا دانرا و تەقێنرانەوە و وتی "رۆژنامەکە بۆمبی تیادادانرا و تەقێنرایەوە، بەڵام دوای رۆژێک ئێمە رۆژنامەکەمان بەبێ کەموکوڕی وەک خۆی چاپ کرد و گەیاندمانە ئەم ئاستە.  ئێمە لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هەوڵمان دەدا، کە سکاڵا و زیندانیکردن و رفاندن و کوشتن لەن دژی مرۆڤەکان بە تایبەتی رۆژنامەنووسان لە گۆڕێدا بوو، رۆژنامەنووسان دادگای و زیندانی دەکران. جیاوازیی نێوان ئەو سەردەمە و ئێستا ئەوەیە، رەنگە ئێستا رۆژنامەنووسان راستەوخۆ نەکوژن، بەڵام کوشتنێک، کە پێی دەڵێین، کوشتنی سڤیل بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان روودەدات. رۆژنامەکان دادەخرێن و رۆژنامەنووسەکان بێکار دەکرێن. ئەو مرۆڤانەى کە تەمەنی خۆیان بۆ ئەو کارە تەرخانکردووە، کاتێک بێکار دەکرێن، بەو مانایە دێت، کە ئەو کەسە بەو شێوەیە دەکوژن. لە ساڵانی ١٩٩٠ دا راستەخۆی مرۆڤیان دەکوشت، بەڵام ئێستا بە سڕینەوەى هەواڵ و رێگریکردن لە چاپ و بڵاوکردنەوە و داخستن، مردنی سڤیل بەسەر رۆژنامەنووسدا دەسەپێنرێت".

ئایکلۆ رایگەیاند، تاوەکو دوا هەناسە خاوەنداری لەو میرات و نەریتە دەکەن کە بۆیان بە جێهڵدراوە و وتی "ئێمە قوربانیی زۆر گەورەمان داوە. ئێستا ١٦ هەڤاڵمان لە زینداندان، بەڵام ئێمە لەو شوێنە، کە پێشتر تیایدا بووین هەر بەردەوامین و رانەوەستاوین و خۆمان بە شکستخواردو نازانین. چاپەمەنیی کورد بەشێکە لە بزووتنەوەى ئازادیی کورد و ئێستا زیاتر لە ١٠ کەناڵی ئاسمانیی هەیە، ٦ ئاژانسی هەواڵمان هەیە، رۆژنامەی رۆژانە و هەفتانەمان هەیە، وەک کەسەکانی ناو کاری چاپ و پەخشی چاپەمەنی و لە ناو ئەم تێکۆشانەدا خۆمان بە سەرکەوتو دەزانین. بە بڕوای من ئێمە هەموومان شایانی رەنجەکەى ئاپێ موسا و بنەماڵەى بەدرخان بووین. ئێمە قوربانیمان دا و ئێستاش قوربانی دەدەین، بەڵام ئێمە بە هەواڵ و راپۆرتەکانمان وەڵامی پێویستییەکانی گەلی کورد دەدەینەوە و ئێمە لەسەر ئەو کارەشمان بەردەوام دەبین".

ژ.ت