میوانانی نێونەتەوەیی کۆنگرەی هەدەپە: پێویستە دەرگای ئیمڕالی بکرێتەوە

میوانانی نێونەتەوەیی کە لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداریان لە کۆنگرەی هەدەپەدا کردووە، بەرخۆدانی گەلی کوردیان بەرز لەقەڵەمدا و ڕایانگەیاند، ئەردۆغان تێکدەشکێت. بەشداربووان وتیان، "پیویستە دەرگای ئیمڕالی بکرێتەوە.

میوانانی نێونەتەوەیی کە لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداریان لە ٤مین کۆنگرەی هەدەپەدا کردووە قسەیان کرد.

سەرەتا بە ناوی پارتی سۆیال دیموکراتی سوید و پارتی سۆسیالیستی ئەوروپا قادر کاسرگا قسەی کرد. کاسرگا وتی، "لەم جۆگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژاوە، کۆمەڵکوژی ئەنجامدراون. ئێمە لێرەوە بانگ لەو کەسانەی لە کۆشک دانیشتوون و ئەوانەی لە ئەنقەڕەن دەکەین، دەرگای ئیمڕالی بکەنەوە و دەست بە دانوستانی ئاشتی بکەن."

'ئێوە سەرچاوەی سوودوەرگرتنی ئێمەن'

تینی کۆخ سەرۆکی گروپی چەپی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوڕوپا وتی، "لەم کۆبوونەوەیەدا وادەزانم لە ماڵی خۆمم. بۆ من، بۆ هەڤاڵانم لە ناو گروپە چەپەکانی ئەوروپا ئێوە سەرچاوەیەکی گەورەی سوودوەرگرتنن. تێکۆشانی ئێوە و هەنگاوەکانتان لە لایەن ئێمەوە بە باشی دەبینرێت و هێژا دەبینرێن. تێکۆشانی ئێوە تێکۆشانی ئێمەیە. ئێمە ئێوە وەک پشتگریەک بۆ نێونەتەوەیی دەبینین. فشار و زۆردەستی هەرچەند قوڕس بێت، ئێمە دەزانین ئێوە هەنگاو بەرەو دواوە نانێن و من پەیامەکەتان بە هاوڕێکانم رادەگەیەنێم."

کۆخ ڕاشیگەیاند، "بەناوی چەپی ئەوروپاوە بانگ لە ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیا دەکەم، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ببن بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، باجی خۆی هەیە، ئەگەر دەتانەوێت ببن بە ئەندام، بەرپرسیاری خۆتان جێبەجێ بکەن."

'بوێری ئێوە بەرز لەقەڵەمدەدەم'

لۆرێنا لۆپێز دە لاجال سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپاش وتی، "بە ناوی ٤٦ پارتی ١٩ وڵاتی ئەوروپا من لێرەم. ئێوە پارتێکن کە بۆ مافی چارەنووسی خۆتان تێدەکۆشن، من لە گالچیا و کۆرسیکا سڵاوم هێناوە. لە باسک سڵاوم هێناوە. قسەی سەرەتای من بۆ ئەندامە ژنەکان دەبێت. بوێری ئێوە لە کاتە سەختەکان، بە تایبەتی ژنانی زیندان بەرز دەنرخێنین. هەم لە بەرئەوە چالاکوانی سیاسین و هەم لەبەرئەوەی ژنن. لە کەسایەتی هەڤاڵەکەمان لەیلا گیوڤەن دا سڵاومان بۆ بڕیار و بەرخۆدانی ئێوە هەیە."

'گەل بەرانبەر ئەردۆغان سەردەکەوێت'

لەیلا خالید ئەندامی مەکتەبی سیاسی FHKC قسەی کرد، لەیلا خالید وتی، "من سڵاوی هاوڕێی زیندانەکانی فەڵەستینم بۆ ئەو هاوڕێیانە هێناوە کە لە زیندانەکانی تورکدا بەرخۆدان دەکەن. من سڵاوی ئەحمەد سەعادەتم بۆ دەمیرتاش و کشاناک هێناوە. من سڵاوی خالید جەڕار پەرلەمانتاری بەرەی ڕزگاری گەلی فەڵەستین کە لە زیندانی ئیسرائیلدایە بۆ بەڕێز ئۆجالان لە ئیمڕالیم هێناوە. چ کاری سوپای تورک لە سوریا هەیە؟ منداڵەکانمان دەکوژن. گەلانی سوریا لەدژی ئەردۆغان سەردەکەون. بژی فەڵەستین و بژی کوردستان.

مەمدوح حەبەشی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی هاوپەیمانی گەلی سۆسیالیستی میسڕیش وتی، "بە بینینی ئێوە من وەک بەرەی گەل زۆر خۆشحاڵم."

ف.ق