هێشتا لە ئێران ئەنجامی هەڵبژاردن و رێژەى بەشداریکردن رانەگەیاندراوە

نزیکەى ١٨ کاتژمێر بەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەى دەنگدان بۆ پەرلەمانى ئێران تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و رێژەى بەشداریى دەنگدەران بڵاونەکراوەتەوە. دیارە بڕیاری بایکۆتی پەژاک، کۆدار و ئۆپۆزسیۆن کاریگەریى لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبووە.

دوێنێ لە ئێران ١١هەمین خولی هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پسپۆڕان بەڕێوەچوو. سەرباری ئەوەى نزیکەى ١٨ کاتژمێر بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و رێژەى بەشداریکردنى دەنگدەران بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێى زانیارییەکان، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا زۆر کەمبووە و لە هەندێک شوێنى رۆژهەڵاتى کوردستان پۆلیس بە زۆر خەڵکیان بردووەتە سەر سەندوقەکانى دەنگدان.

لەبەر ئەوەى بەپێى یاساکانى ئێران رێگا بە حیزبەکان نادرێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، حیزبەکان لە چوارچێوەى هاوپەیمانى و بەرەدا بەشداریى هەڵبژاردنیان کردووە.

رێژەى بەشداریکردن زۆر کەمبووە

عەبدولڕەزا رەحمانی فازیل وەزیری ناوخۆی ئێران دوێنێ رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردن و رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستاش ١٨ کاتژمێر بەسەر ئەو وتەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا وەزارەتى ناوخۆ و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى ئێران بە شێوەى فەرمی هیچ زانیارییەکیان لەبارەى ئەنجامی هەڵبژاردن و رێژەى بەشداریکردنى دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا بڵاونەکردووەتەوە.

پارێزگاری ئیسفەهان، کە لە موحافزکارانە رایگەیاندبوو، لە کۆی ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار دەنگدەر لەو پارێزگایەدا تەنها ٣٢٠ هەزار دەنگدەر بەشداریى هەڵبژاردنیان کردووە و بەوەش دەردەکەوێت رێژەى بەشداریکردن نزیکەى سەدا ٢٠ بووە.

هاوکات جەمال عورفی سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنى ناوەندیى ئێران بە ئاژانسى هەواڵی ئیسنای راگەیاندبوو، تاوەکو کاتژمێر ٣ی دوێنێ لە کۆی ٥٨ ملیۆن دەنگدەر، تەنها ١١ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەى دەنگداندا کردووە.

بایکۆت کاری خۆی کرد

بەو پێیە بێت وا دەردەکەوێت بایکۆتی پەژاک، کۆدار، حەدکا، حەدەک، کۆمەڵە و حیزبەکانى تری ئۆپۆزسیۆن کاریگەریى لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبووە. هێزەکانی رژێمیش لە هەندێک ناوچە گوشاریان لە خەڵک کردووە، تاوەکو بەشداریی دەنگدان بکەن.

بەپێى زانیارییەکان، لە سنە و مەریوان پۆلیسی هاتوچۆ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە هەندێک شوێندا راگرتووە و گوشاریان لێکردوون کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەگرن.

ژ.ت