پایلان: هەم لە پەرلەمان و هەم لەسەر شەقامەکان گەشە بە تێکۆشان دەدەین

گارۆ پایلان پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە رایگەیاند، سەردەمى ئەوەیە گەشەی زیاتر بە خەباتەکەیان بدەن و راشیگەیاند "هەم لە پەرلەمان و هەم لەسەر شەقامەکاندا تێکۆشانەکەمان گەشتر دەکەین".

خولی نوێى پەرلەمانی تورکیا لە دواى پشووی هاوینە لە ١ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ەوە دەستى بەکارکردەوە. یەکەم کاری دەستبەکاربوونى پەرلەمان و خولی نوێ درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنی سەربازی و شەڕ بوو لە عێراق و سوریا. جگە لە هەدەپە هەموو حیزبەکانی تری ناو پەرلەمانى تورکیا دەنگیان بە درێژکردنەوەى شەڕ دا.

لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینى پەیڕەوی ناوخۆی کاری پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەبارەى بودجەى ساڵانەوە دەکرێت.

 هاوکات تامەزرۆیى بۆ ئەوە هەیە، کە هەدەپە لە پەرلەماندا چ خەباتێک بەڕێوەدەبات. گارۆ پایلان پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە لەبارەی خەباتى هەدەپە لە پەرلەماندا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

پایلان رایگەیاند، هەدەپە پلان و بانگەشەی بۆ ئەوە هەیە، کە تورکیا بکاتە وڵاتێکى دیموکراتیک و ئاکەپەش هەوڵ دەدات هەدەپە لە پەرلەمان بکاتە دەرەوە.

پایلان رایگەیاند "هاوسەرۆکانى گشتى و هەزاران هەڤاڵمان ئێستا لە زیندانەکانى تورکیادان. ئاکەپە پاڵێوراوی ئێمە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار دیلکردبوو و گرفت و لەمپەریان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ئێمە دروست دەکرد، بەڵام سەرباری ئەوەش گەلەکەمان بە بەهێزى هەدەپەى رەوانەى پەرلەمان کرد. ئەوەش وایکرد ئاکەپە بەو ئامانجەى نەگات کە دەیخواست هەدەپە نەچێتە پەرلەمان. ئاکەپە لەگەڵ مەهەپە دەسەڵاتی دروستکردووە و ئەوەشى کە روونە، ئەوەیە ئاکەپە بە تەنها خۆی ناتوانێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. هەدەپە رێگای لەو ئیدعایەى ئاکەپە گرت، کە دەیوت ٤٠٠ کورسیى پەرلەمان بەدەست دەهێنێت".

 

'کەمێکمان ماوە بە رووناکی بگەین'

پایلان راشیگەیاند "ئەردۆغان هەوڵ دەدات میدیاکان و پەرلەمانتارەکان بێدەنگ بکات. بەڵام سەرباری ئەو هەوڵانە هەدەپە بە ناوی گەلەوە درێژە بە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی دەدات. لەبەر ئەوەى میدیاکانى تورکیا کار و چالاکییەکانى ئێمە بڵاوناکەنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە گەلەکەمان بە باشی ئاگاداری کار و چالاکییەکانى ئێمە نەبیت، بەڵام بەشێوەیەکى چالاکانە لە پەرلەماندا درێژە بە ئۆپۆزسیۆنبوون دەدەین و بەردەوامیش دەبین لەسەری. بەڵام بە تەنها خەباتى پەرلەمان بەش ناکات. ئۆپۆزسیۆنبوون لە کارگەکان، لە هونەرگەکان، لە ماڵەکان و لەسەر شەقامەکاندا دەبێت بەردەامیى هەبێت و لەوێش گەشە دەکات. ئێمەش بەپێى ئەوەى لە دەستمان بێت لە هەموو ئاستەکانى خەباتدا پشتیوانى گەلەکەمان دەبین. ئەم قۆناغە کۆتایى پێدێت. رەنگە ئێستا ئێمە لە ژێر تاریکدا بین، بەڵام بەمنزیکانە ئێمە بە رووناکى دەگەین. بە تێکۆشانی پێکەوەیى ئێمە سەردەکەوین".

پەیامی "ئێوە دەفتەری یادداشتەکانى منن"

پایلان لەبارەی وتەکەی ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنى خولی نوێى پەرلەمانى تورکیا وتى "ئەردۆغان لە قسەکانیدا وتی 'ئێوە دەفتەری یادداشتى منن و من چی دەڵێم ئێوە ئەوە دەنووسن' ئەوەی وەک پەیامێک دا بە پەرلەمانتارەکان. ئێمە هەرچەند قەنات بە پەرلەمانتارانى ئاکەپەش بهێنین، بەڵام دیسانەوە ئەوان لە بەردەم ئیرادەى کۆشک ناتوانن دەنگ هەڵبڕن و قسە بکەن، بەڵام ئێمە درێژە بە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆمان دەدەین. فاشیزم دەیەوێت لە هەموو شوێنێکدا خۆی بە رێکخراو بکات، بۆیە کارکردن لە پەرلەمان، سەندیکاکان و سەر شەقام و هەموو شوێنێکدا بۆ ئێمەش گرنگە. بێگومان پەرلەمان هەموو شتێک نییە. ئێمەش بەپێى ئەو دەنگ و متمانەیەى کە گەلەکەمان پێی بەخشیوین، مافە جۆراوجۆرەکانى خۆمان بۆ تێکۆشانەکان و مافەکانى گەل بەکار دەهێنین".

ر.م