پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ زمانی دایک چالاکیان ئەنجامدا

پەرلەمانتارانی هەدەپە بە بۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە پەرلەمان پانکارتی (زمان ژیانە)یان بە زمانی جیاواز بەرز کردەوە.

پەرلەمانتارانی هەدەپە بە بۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایک کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

دەرسیم داغ، مەڕال دانش بەشتاش، تولای هاتمئۆغلولاری، سەرپیل کەمالبەی، کەمال بولبول، زەینەل ئوزەن، گوڵستان کلچ کۆچییغیت، گارۆ پایلان، محەمەد ڕوشتو تریاکی، کەمال پەکۆز و مەحمود توگرول پەرلەمانتارانی هەدەپە بەشداریان لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسیەکەدا کرد.

پەرلەمانتاران پانکارتی (زمان ژیانە) یان بە زمانی جیاواز بەرز کردەوە و دواتر دەرسیم داغی پەرلەمانتەر قسەی کرد.

داغ ئاماژەی بە سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، "لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆگرافیایە خاوەن ژمارەیەکی زۆر زمان، کلتور و ئایینە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی تاکپەرست لە مێژووی کۆمارەوە و تا ئێستا، زمان و کلتورەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لەناوچوون دەچن. بەشێک لە سیاسەتی تواندنەوە سەرکەوتوو بوو و لە تورکیا ژمارەیەک لە زمانەکان لەناوچوون و هەندێکیشیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. جگە لە زمانی تورکی لە ژیانی گشتی و ڕۆژنامە و پەروەردە  و لە کۆڵانەکاندا ڕێگا بە هیچ زمانێکی تر نادرێت."

داغ وتیشی، "لە تورکیا زمانە جیاوازەکان لە لایەن دەوڵەتەوە لەناودەبرێن. ڕۆژ بە ڕۆژ فشاری سەر زمانی کوردی کە زمانی نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس زیاتر دەبێت. جگە لە فشاری سیستماتیک، کوردی درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە بڕیارنامەی حوکمی یاسا دەزگا و ڕۆژنامە کوردیەکان داخران. کۆتایی بە خزمەتی فرەزمانی هێنرا. فشاری لە سەر زمانی کوردی و زمانەکانی تر عەقلیەتی تاکپارێزی دەوڵەت پیشان دەدات. پێویستە کۆتایی بەم عەقلیەتە بهێنرێت و هەموو زمانەکان لە تورکیا پێویستە لە دەستووری بنەڕەتیدا بپارێزرێن."

ف.ق