ژمارەیەک لە پارلمانتاری عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا داوای کوبونەوەی پەرلەمان دەکەن

ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق، یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن و داوای دانیشتنێکی تایبەت دەکەن لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە میوانداری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاند "جارێكی دیکە نوسراوێكمان بە واژۆی ٣٧ ئەندام ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و داوای كۆبوونەوەی تایبەتمان لە پەرلەمان كردووە لەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان بە میوانداری سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری پەیوەندیدار".

بەپێی ئەو نوسراوە کە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکراوەتەوە، ئەوە هاتووە کە خەڵکی لە زاخۆوە تا فاو دەپرسێت، کەی نوێنەرانی گەل بێدەنگی لە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ماڵ و خاک و گەلی عێراق دەشکێنن؟

هەروەها کەی پەرلەمان بە ئاگادێتەوە لە خوێنی هاوڵاتیان، پێشیوایە بێدەنگبوونی هەردوو حکومەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ دەیان جار.

پێشترو لە ٢٩ی ٦ی ٢٠١٩، بە واژۆی ٥٣ پەرلەمانتار، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا کۆبوونەوەیەک لەسەر بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک و بوونی بنکە و بارەگاکانی لەخاکی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە ٢٣ بنکە و بارەگا دەبینێتەوە ڕێکبخات، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی تائێستا کۆبوونەوەکەی بە پاساوی جیا جیا ڕێکنەخستووە.

ز.ش