کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە ئەوروپا ئیدانە کرا

کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە گوندی هلنجی کۆبانێ لە چەندین شاری ئەوروپا بە رێکخستنی چالاکی ئیدانە کرا.

کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە گوندی هلنجی کۆبانێ لە چەندین شاری ئەوروپا بە رێکخستنی چالاکی ئیدانە کرا.

ڤییەنا

لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بۆ یادکردنەوەى ئەو ٣ ژنەى لە کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کوژران، میتینگێک رێکخرا.

چالاکییەکە لەلایەن پلاتفۆرمی ژنان لە ئەوروپا رێکخرا. گروپێک لە نەژادپەرەستەکان هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر جەماوەری گەل، بەڵام پۆلیس چەند کەس لە گروپە نەژادپەرەستەکەى دەستگیرکرد. چالاکوانان دواى میتینگەکە رۆیشتن بۆ کۆمەڵەى ئاتیگ، بەڵام لەوێشدا دیسانەوە گروپێکى فاشیستدا هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر بارەگای رێکخراوەکە. پۆلیس رێڕەوی ئەمنیی لە دەوری بینای کۆمەڵکە دروستکرد.

فرایبورگ

لە شاری فرایبورگی ئەڵمانیا چالاکییەکى تر بۆ هەمان ئامانج رێکخرا. چالاکییەکە کاتژمێر ١٨:٠٠ لەلایەن ئەنجومەنى ژنانی نودا لە فرایبورگ رێکخراو و هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئیدانە کران.

هانۆڤەر

کوردستانیان لە باکووری ئەڵمانیا لە بەردەم بارەگای فەد دەم لە هانۆڤەر کۆبوونەوە و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک-یان ئیدانە کرد. شانبەشانی کوردستانیان ژمارەیەکى زۆر لە دۆستانی کورد بەشداریی چالاکییەکەیان کرد. لە چالاکییەکەدا ئەوە خرایەڕوو، کە بە یەکگرتووی و یەکێتی فاشیزم تێکدەشکێت.

بیلەفێڵد

هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر کۆبانێ لە شاری بیلەفێڵدی ئەڵمانیا ئیدانە کرا. چالاکییەکە لە وێستگەى ناوەندیی بیلەفێڵد لە کاتژمێر ١٨:٠٠ دا بەڕێوەچوو. ئەوانەى لە چالاکییەکەدا وتەیان پێشکەشکرد، داوایانکرد رێگا بە هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتى تورک نەدرێت و وتیان "ئێمە بێدەنگ نابین، ئێمە خۆمان رێکدەخەین و بەهاکانى شۆڕشی رۆژئاوا لە هەموو شوێنێکدا بڵاودەکەینەوە". راشیانگەیاند، میراتەکەى زەهرا، هەبوون و ئەمینە دەبێتە هۆکار بۆ ئازادیی ژنان.

ئەسینا

لە ئەسینای پایتەختی یونان، کوردستانیان لە شارۆچکەى لاڤیرۆ بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە کۆبانێ رێپێوانێکیان رێکخست. دواى رێپێوانەکە لە ناوەندی شاردا لێدوانێکیان پێشکەشکرد و هێرشەکەیان ئیدانە کرد.

لاهای

لە شاری لاهای هۆڵندا، کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە گوندی هلنج-ی کۆبانێ ئیدانە کرا. چالاکییە لە بەردەم بارەگای پەرلەمان لە لاهای رێکخرا. داوا لە رای گشتیی نێونەتەوەیی کرا، کە لە دژی کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی ژنان بێدەنگ نەبن و بە بەرپرسیاریی خۆیان هەستن.

لیمبورگ

لە شاری لیمبورگی هۆڵندا، کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورک لە رۆژئاوا ئیدانە کرا.

ژ.ت