کۆمەڵکوژییەکەی هاناو شەرمەزار کرا، بانگەوازی بۆ بەشداری رێپێوانەکە دەکرێت

پارت و رێکخراوەکان کە کۆمەڵکوژییەکەی شاری هاناوی ئەلمانیایان ئیدانە کرد، بانگەوازییەکیان ئاراستەی گەل کرد کە لە دژی فاشیزم بەشداری رێپێوانەکان ببن.

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگا کوردستانییان لە ئەلمانیا -( KON-MED)، کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان (CÎK)، فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کارکەرانی دیمۆکراتیک- (DÎDF) و پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-( HDP) لە بارەی هێرشە رەگەزپەرەستانەکەی شاری هاناوی ئەلمانیا لێدوانێکیان بڵاو کردەوە.

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگا کوردستانییان لە ئەلمانیا -( KON-MED) لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند، خانەوادە کوردەکان لەگەڵ چەندین کەسی دیکە لە ئێستادا لە بەر دەرگای ناوەندی کلتوری کورد کۆ بووەنەتەوە و ئازارەکانیان هاوبەشی پێدەکەن.

( KON-MED) بانگەوازیی ئەوەی کرد کە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ گەل و ریکخراوەکان لە هاناو کۆ ببنەوە و راشیگەیاند لەوێ رێپێوانێک بەڕێوە دەچێت.

کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان- CîK-یش رایگەیاند پێویستە بە تایبەت هەموو هاوڵاتییانی ئەلمانیا و هەموو بیانییەکانی ئەو وڵاتە، لە دژی رەگەزپەرەستی هەڵوێستیان یەک بخەن.

CîK بانگەوازییەکی ئاڕاستەی دەوڵەتی ئەلمانیا کرد کە لە دژی زیهنییەتی رەگەزپەرەستی رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.

هاوکات فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کارکەرانی دیمۆکراتیک- (DÎDF)یش لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر ئەوەی حکومەتی فیدڕالی ئەلمانیا چەندین جار چاوپۆشی کردووە لە پرۆپاگەندە و زەگەزپەرەستی و فاشیزم و رایگەیاند، پێویستە لە دژی رەگەزپەرەستی تێکۆشان بەرفراوان بکات و بە زووترین کات حکومەتی ئەلمانیا پرۆپاگەندەی رێکخستنە رەگەزپەرەست-فاشیست کە لە دژی کۆچبەر و بیانییەکانی ئەو وڵاتە دەکرێت، قەدەغەی بکات.

لە لایەکی دیکەوە پەروین بولدان و سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکانی گشتی پارتی گەلانی دیمۆکراتیکیش رایانگەیاند، ئەم هێرشە هێمای ئەوەیە کە هەموو جیهان لە ناو رەگەزپەرەستیدا ماوە و وتیان:" ئەنجادانی کۆمەڵکوژییەکی بەم شێوەیە، بە تایبەت لە ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان، ئاشکرای دەکات کە تا چەند رێگا بۆ ئەم زیهنییەتە خۆشکراوە و سیاسەتی رەگەزپەرەستی کراوە بە شتێکی ئاسایی."

ز.ش