کەناڵێکى میسری بەڵگە و پلانەکانى ئاکەپە و میت-ی بۆ سڕینەوەى کورد بڵاوکردەوە

کەناڵێکى میسری چەندین بەڵگە و پلانى دەوڵەتى تورکی بە سەرۆکایەتیى ئاکەپە و ئەردۆغان بۆ سڕینەوەی کورد لە باکوور و رۆژئاواى کوردستان بڵاوکردەوە.

دکتۆر نەشئەت دیهی لە بەرنامەی (بلورقە و القلم) لە کەناڵی   TENمیسر چەندین بەڵگەى دەزگاى سیخوڕیى تورک (میت)ی بڵاوکردەوە. بەپێى ئەو بەڵگەنامانە ئاکەپە بە سەرپەرشتیى ئەردۆغان و دەزگاى سیخوڕیى تورک (میت) پلانی داناوە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی هەموو ئەو هێزە ئۆپوزسیۆنانە، کە دژبەری ئەردۆغانن و بەتایبەت ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەدەپە و هێزەکانى رۆژئاواى کوردستان.

بەپێى ئەو بەڵگەنامانە، ئاکەپە و میت زۆر بە وردی و بە گرنگییەوە راستەوخۆ پلانیان بۆ کوشتن و سڕینەوەی ئەندامانى پەکەکە، پاکتاوکردنی هاوسەرۆک شارەوانییە کوردەکان، جیاوازی نەکردن لە نێوان ئەندامانی هەدەپە ە پەکەکەدا و کوشتنى هاووڵاتییانى تورکیا داناوە.

لەو بەڵگەنامەدا باس لەوەشکراوە، پێویستە حزبە کوردییەکانی باکوری سوریاش بێ دەسەڵات بکرێن و بە تەواوی لە ڕووی سیاسییەوە لاواز بکرێن و بۆ ئەوەش بڕە پارەی پێویستیان تەرخانکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە سوپای تورکیا سەرلەنوێ بە شێوەیەک راهێنانى پێ بکرێت، کە بتوانێت بەرپەرچی شەڕی گەریلایى بداتەوە. پێویستە دادگا سەربازییەکان بەهێزتر بکرێن و لە حاڵەتی پاشەکشێی دەبابە و تانکەکان سەربازەکان و بەرپرسەکانیان بە تەواوی سزا بدرێن. لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەشدا دەبێت زۆرترین فیشەک بتەقێنرێت، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتی تەقەکردنیش نەبێت.

 دیهی لە بەرنامە تایبەتەکەیدا لەبارەى رۆژئاواى کوردستانەوە وتى، بەپێى بەڵگەنامەکان پێویستە شەڕی تایبەت لە دژی حیزبە کوردییەکانی باکوری سوریا بکرێت. شەڕێکی تایبەتی سەختیش لە دژی تاکەکانیان پێش بخرێت. دەبێت میدیاکانی حکومەتی تورکیا بە تایبەتی کار لەسەر ئەوە شەڕە تایبەتە بکەن و هەر یەک لە  کەناڵەکانی (TRT - تەڕەتە) و ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکی بەشێوەى سەرەکی ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە تایبەتە و بەرز کردنەوەی ورەی سەربازە تورکەکانیان لەسەرە.

ر.م