گونای: هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان پێویستە داواکاری هەموو کەسێک بێت

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە ئاماژەی بە گۆشگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورددا و وتی،" هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان پێویستە داواکاری هەموو کەسێک بێت."

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا کە ڕێکخستنی هەدەپە لە ئەستەنبوڵ رێکیخستبوو، باسی ڕووداوەکان و پێشهاتەکانی کرد.

گونای ئاماژەی بە هێرشیی نەژادپەرستە تورکەکان لە ساکاریا لەدژی کرێکارە تورکەکان، لە وان هەڵگرتنی تابلوی کوردی، تێکدانی حەسکیف، گۆڕینی ناوی شوێنە کوردیەکان کرد و وتی،"ناوی ئەم ڕژێمە فاشیزمە، کاری ئەویش نەژادپەرستیە."

گونای بە بەردەوامی وتی، لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا'ڕژێمی ستارتهید' دروست دەکرێت و ئەوان دەتوانن بە دروستکردنی بەرەیەکی دژەفاشیست ڕێگری لەو ڕژێمە بگرن.

'کرێکارە کوردەکان بێخاوەن نین'

گونەی باسی هێرشە نەژادپەرستیەکان کرد و وتی،"ئێمە لێرەوە ڕووی دەممان دەکەینە بەرپرسە نەژادپەرستەکان کە کرێکارە کوردەکان کە دەوڵەتی ئەوانی موحتاجی پاروویەک نان کردووە و ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە، بێخاوەن و بەتەنها نین."

لەبارەی سیاسەتی دەستدرێژی دەوڵەتی تورک لە کوردستانیش کە لە ڕێگەی پۆلیس و سەربازەکانەوە جێبەجێ دەکرێت وتی،"ئەو عەقڵیەتەی کە لە کاتی کۆمەڵکوژی دەرسیمدا لە ساڵی ١٩٣٨دا لەبەرانبەر ژن و کچی کورد ئەنجامدرا و هێرشی زایەندیان دەکردە سەر ژنانی کورد ئەمڕۆش لە کوردستان ئەو کردەوانە ئەنجام دەدرێن. تێکۆشانی ڕێکخستنی ژنان کە لە هیچ گۆڕەپانێکدا لە تێکۆشان هەنگاو بەرەو دواوە نانێن، بەردەوام دەبێت."

'هەڵگرتنی گۆشەگیری پێویستە داواکاری هەموو کەسێک بێت'

گونای لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورددا و وتی،"پێویستە ئێمە باسی ئاشتی بکەین. گرنگترین لایەنی سەرەکی ئاشتی بەڕێز ئۆجالانە کە ئەزموونەکانی لەبارەی ئاشتی هەیە. لەو قۆناغەدا کە بەڕێز ئۆجالان لەناویدابووم هەموومان بینیمان کە دۆخەکە بەرەو ئاشتی دەچوو و پرسە کۆمەڵایەتیەکان بە ئاسانی قسەیان لەسەردەکرا و بە ئاسانی هەموومان تێگەیشتین. هەموو ڕۆژێک کە ئاشتی دروست نابێت کێشەکانی ئەم وڵاتە ئاڵۆزتر دەبن، کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری ئیمڕالی لە کورد زیاتر پێویستە داواکاری تورکەکان بێت. ئەوانەی کە چارەسەریان دەوێت پێویستە داوا بکات کە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت."

'ئێمە لەگەڵ تەبەبەداین'

گونای لەبارەی هەڕەشەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەسەر یەکێتی پزیشکەکانی تورکیا وتی،"ئەو عەقڵیەتەی کە هەڕەشە لە تەبەبە دەکات پێویستە سنوری خۆی بزانێت و ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ تەبەبە و پزیشکەکاندان.

'ئێمە دەست بە دروستکردنی بەرەی دژەفاشیست دەکەین'

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی،"هەڕەشە لەسەر هەموو کەسێک هەیە و هەموو کەسێک موخاتەنی هێرشەکانە، هێرشەکان فراوانتر و قوڕستر دەبن. بەتەنها بە تێکۆشانێکی هاوبەش دەتوانرێت ڕێگری لێبگیرێت، پێکەوە و بە دروستکردنی بەرەی تێکۆشانی دژەفاشیست دەبێت. هەموو گەشەدانەکان و ڕووداوەکان وەک ئەرکێک لەسەرشانمانن. ئێمە وەک هەدەپە بە زوترین کات تێکۆشانی دروستکردنی بەرەی دژەفاشیست و فراوان دەستپێدەکەین. ئێمە داوا لە هەموو گەل دەکەین کە لەم دۆخە نیگەرانن لە ناو بەرەی دژەفاشیستدا جێی خۆیان بگرن و هەوڵ بۆ وڵاتێکی دیموکرات بدەن."

ف.ق