گەنجان لە پاریس لە دژی گۆشەگیری و فاشیزم و داگیرکەری رژانە سەر شەقامەکان

گەنجان لە چوارچێوەى هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، پێکەوە راپەڕین" لە ناوچەى بانلیۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چالاکییان ئەنجامدا.

بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە بانلیۆی پاریسی پایتەختی فەرەنسا رێپێوانێکیان ئەنجامدا. ئەو رێپێوانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، پێکەوە راپەڕین" رێکخرا. گەنجان بۆ گەورەکردنی بەرخودان لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک بانگەوازیان بڵاوکردەوە.

گەنجان سەرەتا لە بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد کۆبوونەوە و دوای ئەوە دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد. گەنجان گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکەرییەکانیان بۆ سەر کوردستان ئیدانە کرد و پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو 'پێکەوە راپەڕین' بە دەستەوە گرتبوو.

لە چالاکییەکەدا بە زمانەکانی کوردی و فەرەنسی دروشم وترانەوە و داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرا. هەروەها فاشیزم ئیدانە کرا. لە کۆتایی رێپێوانەکەدا لەبەردەم شارەوانیی ناوچەکەدا میتینگێک رێکخرا.

ئەوانەى لە چالاکییەکەدا وتەیان پێشکەشکرد، داوایانکرد هەموان بەشدارییەکی گەورە و بەهێز بکەن لە هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، پێکەوە راپەڕین"، کە لەلایەن کەجەکەوە راگەیاندراوە.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'پێکەوە راپەڕین' کۆتایی پێهات.

ژ.ت