گەنجانی کورد لە پاریس چالاکییان بۆ ئۆجالان ئەنجامدا

گەنجانی کورد لە ناوچەى ڤیلێرس لوبێلی شاری پاریسی پایتەختى فەرەنسا چالاکییان بۆ ئۆجالان ئەنجامدا.

 گەنجانی بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ (TCŞ) و ژنانى گەنجی ئازاد (JCA) لە چوارچێوەی هەڵمەتى "رێگا مەدە" و بە دروشمی "رێگا بە گۆشەگیری مەدە" ئێوارەى دوێنێ دوشەمە لە ناوچەى ڤیلێرس لوبێلیی پاریس چالاکییەکیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا ئاگرکەوتنەوە لە دوورگەی ئیمراڵی بەبیرهێنرایەوە و داواکرا پارێزەران و شاندێکى سەربەخۆ بڕۆن بۆ دوورگەى ئیمراڵی و چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانیانى تری سیاسی لە ئیمراڵی ئەنجانم بدەن.

گەنجان ئێوارەى دوێنێ لە کاتژمێر ١٩:٣٠ کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەى پۆستەرەکانى ئۆجالان دەستیان بە رێپێوانکرد. گەنجان لە رێپێوانەکەدا بە زمانەکانى کوردی و فەرەنسی دروشمیان وتەوە و فیشەکە شێتەیان تەقاند و دوکەڵی رەنگاورەنگیان بەکارهێنا.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانى "ئێمە جیهانی بەبێ ئۆجالان بەسەر سەرتاندا دەڕوخێنین"، "بژی رێبەر ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" وترانەوە.

رێپێوانەکە ماوەى کاتژمێرێک بەردەوام بوو و دوای رێپێوانەکە لە بەردەم وێستگەى سەرەکیی ترێنی ڤیلێرس لوبێلی کۆبوونەوە و چالاکوانان رایانگەیاند، تاوەکو وەڵامی داواکەیان نەدرێتەوە درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

ژ.ت