'گوندی گەچێنە یەکێکە لەو ناوچانەی هێشتا پیس نەبووە و پێویستە بیپارێزین'

بەشێک لە سەردانیکارانی گوندی گەچێنە پێیانوایە، ئەو ناوچەیە هێشتا بە سروشتی خۆی ماوەتەوە و وتیشییان: "پێویستە سەردانیکاران پاک و خاوێنی ژینگەی گوندەکە بپارێزن"

گوندی گەچێنەی سەر بە ناحیەی بیارە، کە لە دوای هەردوو گوندی گوڵپ و باخە کۆن دێت، ئەم گوندە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش ئێستە و خاوەنی کولتور و تایبەتمەندیی خۆیەتی، لە دوای ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٨٠ و ڕاگواستنی دانیشتوانی سەر سنور، دانیشتوانی ئەم گوندە ڕاگواستراون بۆ ناو چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ حوکمەتی بەعس و لە ئێستادا تەنها وەک سەردان دێنەوە بۆ ناو گوندەکە و هەندێکیشییان باخ و باخاتیان لەم گوندە هەیە.

بە بۆنەی ژینگە پاک و ئاو هەوا خۆشەکەیەوە،  بەشێک لە هاوڵاتییان لە وەرزی بەهار و هاویندا، لە کاتی گەرمبوونی شار و قەزاکاندا، ڕوودەکەنە ئەم ناوچەیە بە مەبەستی گەشتوگوزار، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە بۆنەی پاشماوەی خاشاکەکانەوە بەشێک لە ناوچەکە وردە وردە پیس ببێت.

نەبەز فایەق، فەرمانبەر و یەکێک لە سەردانیکارانی ئەو گوندە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: ژینگەکە هێشتا سروشتیبوون و جوانی خۆی ماوە و زۆر دەستی پێنەگەیشتووە، بۆیە گەشتیار حەز دەکات سەردانی بکات، بەڵام پێویستە گەشتیاران پاکوخاوێنی ژینگەکە ڕابگرن و حوکمەتیش هەندێ ئاوڕ لەناوچەکە بداتەوە و خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران دابین بکات.

لای خۆشییەوە بەرزان کەمال-کاسب وتی: ژینگە هەمووی وەک ماڵەکانی خۆمان وایە و پێویستا بە پاکوخاوێنی ڕایبگرین و خزمەتی بکەین، تاوەکو بمێنێتەوە بۆمان و بتوانین تیایدا دابنیشین.

هـ . ب