کۆدار: لە ٤ی نیساندا بیرکردنەوە لە رزگاری ژینگە بەشێکە لە ئەرکەکان

کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆدار باس لەوەدەکات ژینگەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێواری لەناوچووندایە و باس لەوەشدەکات، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالان، بیرکردنەوە لە رزگاری ژینگە بەشکە لە ئەرکەکان.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بە ئاماژەدان کاولکاری و وێرانکارییە بەربڵاوەکانی ژینگە لە لایەن دەوڵەتەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە،  " ڕژێم لە ڕێی خێراکردنی کاولکاریی خاک و پیسکردنی ژینگە، سەرپاکی بوارەکانی ژینگەی کردووەتە ئامڕازێکی سیاسیی بۆ چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچی زۆرەملێ و گۆڕانی دیمۆگرافیی و زۆربوونی ڕێژەی هەژاریی و پێکدادان، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژیی نەتەوەیی و پاکتاوی خەڵک. تەنانەت سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنیی ژینگە و مامەڵەی ئەمنیی لەگەڵ چالاکانی ناوەندەکانی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی بەرنامەڕێژییە ئەمنیی و سیاسییەکانی ڕژێم بەڕێوە دەچێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگاریی ژینگە و کۆمەڵگە وەک دوو سرووشتی هاوڕیشە، تەنیا بە ئافراندنی فیکر و ڕامانی ئازادیخوازانەی ئیکۆلۆژیک دێنە بوون". هەر لەو رووەوە روونیکردووەتەوە: "گەرەکە ڕامانێکی لەم چەشنە بەپێی جیهانبینییەک چێوەمەند بکرێت، جا ئامانجە بەرزەکەی ژینگە و ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگە بێت. ئامانجی ڕێبەر ئاپۆش لە جیهانبینیی «کۆمەڵگەی دیموکرات و ئیکۆلۆژیی ئازادیی ژن»ـش هەر ئەمەیە، سا بۆیە کۆمەڵگەی ئێران لەو ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەهۆی گیرۆدەبوونی بە سەردەمی شەڕ و وێرانکاریی و ژینگەوە وا لە سەر لێژگەی هەڵدێران، تەنها لە ڕێی ئاوڕدانەوە لە ڕامانی ڕێبەر ئاپۆوە دەتوانێت بیر لە سەربەستیی و ئازادیی بکاتەوە".

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆدار پێشیوایە، "یەکخستنی بزووتنەوە ژینگەییەکانی کۆمەڵی مەدەنیی تاکەڕێی وەستاندنی ماشێنی وێرانکەری ژینگەی ڕژێمی ئێرانە. جا بۆیە گەرەکە هەم ئۆپۆزسیۆن و هەمیش کۆمەڵی مەدەنیی هاوتەریب یەکگرتوو، ستراتیژ و بەرنامەکانی ڕزگاریی ژینگە بە دەساوێژی ئیکۆلۆژیی وەک زانستیی ڕزگاریی بەکار بهێنن. ڕزگارکەری سەرەکیی خودی کۆمەڵگەیە، ئەمەش لە ڕێی متمانە بە هێزی مەزن و بەهێزی بگۆڕەکەیەوە".

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆدار بە بیرهێنانەوە ئەوەی لەلایەن رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژینگە بە سرووشتی یەکەم و کۆمەڵگە بە سرووشتی دووەم ناودێر کرا، کە 'بوونی هەریەکەیان بێ ئەوی تر نەکردەنییە، کۆمەڵگەی کۆمیناڵ و ژینگەیی پێویستی بە ئیکۆئابوورییە' لە کۆتاییدا رایگەیاندووە: " بۆیە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، واتە ٤ـی نیسان، کە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاکیشە، بیرکرنەوە لە ڕزگاریی ژینگە بەشێکە لە ئەرکەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی تاکە هێزی بەرگرییە لە خۆی و سرووشتی دووەم پارێزەری سرووشتی یەکەمە بە ئامانجی ڕاست و جوان و باشەوە".

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆدار:

"ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستانەی هەڵبژاردنی «کۆمەڵگەی گێژاو» و «کۆمەڵگەی دیموکراتیی-ئیکۆلۆژیی»ـدا

کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)

 مژاری ئیکۆلۆلۆژیی و ژینگە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی مانەوەی نەژادی مرۆیی لە سەر ڕووی زەوی، ئافراندنی ژیانێکی ئازادی پڕ لە شادیی، گرێدراوی ژینگەیە، زانستی ژینگە لە ژێر ناوی ئیکۆلۆژییدا بۆ ڕۆنانی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و جوان و ئازاد پاوەجێ دەبێت، ئەمڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕژێمێکی گەندەڵ و گێرەشێوێنەوە هەم ژینگە و هەمیش جڤاکی مرۆیی هەڕەشەیەکی بێپێشینەیان لە سەرە. ڕێگرییەکانی ڕژێم لە ئاستی گرنگیدان بە ژینگە و مامەڵەی ئەمنی لەگەڵ چالاکییەکانی پاراستنی ژینگە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە بە قەیرانێکی سیاسیی مەزن و شێوێنەر. پاڵنانی سەرپاکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو کارەساتی سرووشتیی بۆ ڕەفتاری بەئەنقەست و نۆکەرانەی ڕژێمی دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە، ئەمە پرسی ژینگەی بۆ ئەودیو سنوورەکانی کارەسات بردووە، لێکەوتەی ئەمەش کارەساتی مرۆیی و ژینگەییە، جا بۆیە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان بژاردەی «کۆمەڵگەی گێژاو» و «کۆمەڵگەی دیموکراتیی-ئیکۆلۆژیی»ـدان.

مسۆگەر کاتێکی کەم ماوە تا ژینگە و کۆمەڵگە و خاکە ژینگەمەندەکان لە ئێران بپارێزرێن، پێش ئەوەی درەنگ بێت، وەستاندن و ڕامکردنی قەیرانەکان لە ڕێی بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕژێمە دەسەڵاتگەرەی ژینگە و مرۆڤی کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی و خواستەکانی خۆی لە خودی ئاو و خاک و هەوا گرنگترە. مسۆگەر سەرپاکی گێژاوە ژینگەییەکان لە گێژاوە سیاسیی و ئەمنییەکانی ڕژێمی فەرمانڕەواوە چاوگە دەگرن، ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت تا سنووری پاکتاو و جینۆسایدی کەلتووریی-ژینگەیی بچێت، ڕاستییەکەی ئەو سیاسەتەی کە کێشمەکێشی ژینگە تا ئاستی جینۆسایدی کەلتووریی و پاکتاوی نەژادیی دەبات، ئەوا سەرقاڵی گێژاوسازییە و ئەمەش یەخەی هەموو ئێرانییەکان دەگرێت.  

وێرانکردنی سنوورە زەنگینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سۆنگەی مینڕێژی سەردەمی جەنگی ئێران و ئێراق و چەپاوی سەرچاوەکانی ئاو لە ڕێی بەنداوسازیی ئەمنیی و مافیایی سوپای پاسداران و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان و وێرانکردنی ڕووبار و دارستانەکان لە ڕێی ناوەندە مافیاییەکانی دارودرەختی سەر بە حکومەت، بە گشتیی گوژمی بەڕێوەبردنی ئەمنیی و بەسەربازگەکردنی دەیان ساڵە، کە بەشێکی تاڵانی سەرچاوەکانی ژینگە و وێرانکردنێتی، هەموو شتێکی لە سنووری کارەسات ئەولاتر بردووە.

بەڕێوەبردنی خراپ وا لە گۆڕێ، بە ئەنقەست و بەپێی بەرژەوەندییەکانی سیستەمە، هەر لەبەر ئەم بەڕێوەبردنە ئیستا لە جەرگەی کارەساتی ژینگەییداین لە ئێران، ئەمە هەموو هەرێمەکانی شار و گوند و دەشت و سەرچاوەی ئاویی و بەرهەمهێنان و پیشەسازیی کردووە بە ئامڕازێکی گەورەی هەڕەشەی سەر مرۆڤ، ئەم کارەساتە ڕەنگدانەوەی سیستمی تایبەتی دەوڵەت نەتەوەیە بەپێی ئامانجە سیاسییە تایبەتەکانی، جا هیچ کەس ناتوانێت چاوپۆشیی لەمە بکات.

ئێران وڵاتێکە بە پانتاییەکی وشکەوە و دەریاچە و زۆنگاوەکانی وا وشک دەبن، وشکبوونی پتر لە ٦٠ زۆنگاو، وێرانبوونی دارستانەکانی زاگرۆس، دەرکەوتنی مافیای دارودرەخت، دەرد و نەخۆشیی و گەرمداهاتنی زەوی و ئاگرکەوتنەوە، لەنێوچوونی جۆرەکانی گیانەوەر و گیا و دارستان، هەڵکشانی دانیشتووان، پیسبوونی هەوا و خاک و زۆربوونی کارگە، کەمبوونەوەی ئاو و هەڵکشانی پلەکانی گەرما، خۆڵبارین، ڕۆچوونی زەوی، بەبیابانبوون، شۆرەکاتی خاک، بەنداوسازیی بەفیڕۆدەر و گواستنەوەی ئاو بۆ پارێزگا بێئاوەکان، پەرەپێدانی پیشەسازیی وێرانکەر لە پارێزگا ناوەندییەکان بە ئامانجی  وێرانکردنی ناوچەی زاگرۆس، ئەمانە ڕیزێک لەو کارەساتانەن وا ژیانی کۆمەڵگەیان تووشی وشکبوونێکی تۆقێنەر کردووە.

 ڕژێم لە ڕێی خێراکردنی کاولکاریی خاک و پیسکردنی ژینگە، سەرپاکی بوارەکانی ژینگەی کردووەتە ئامڕازێکی سیاسیی بۆ چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچی زۆرەملێ و گۆڕانی دیمۆگرافیی و زۆربوونی ڕێژەی هەژاریی و پێکدادان، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژیی نەتەوەیی و پاکتاوی خەڵک. تەنانەت سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنیی ژینگە و مامەڵەی ئەمنیی لەگەڵ چالاکانی ناوەندەکانی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی بەرنامەڕێژییە ئەمنیی و سیاسییەکانی ڕژێم بەڕێوە دەچێت.

هەموو ئەم کارەساتە ژینگەییانە دەرهاویشتەی کارەساتە سیاسییەکانی دەزگای سیاسیی فەرمانڕەوایە بە دەساوێژی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، جا بۆ توندکردنەوەی پاکتاو و قەڵاچۆکردن سوود لە ئامڕازەکانی ژینگە دەبینێت، سیستەمی سیاسیی فەرمانڕەوا خەریکی وێرانکردنی سەرچاوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوانیاندا، ئەمەش بە مەبەستی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، بێگومان تاڵاکردنی هەموو سەرچاوەکانی ژیان لە بەستێنی ژینگە و ڕێگریی لە زانستیی ئیکۆلۆژیی، جامی سەبری کۆمەڵگەی ئێرانی لێوڕێژ کردووە.

کاتێک ژیان دەوەستێ و بژێویی کۆمەڵایەتیی مایەپووچ دەبێت، ئەوا ڕابوونی گەل دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ئیکۆلۆژیی و ژینگە. کاتێک کۆمەڵگە دەبێتە قوربانیی دەستی دەستڕۆکانی ڕژێم، ئەوا ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕابوونێکە بۆ ئاسۆی ئازادیی تەواوەتیی، ئێرانی ئێستاش لە بواری ژینگەدا لەم هەلومەرجەدایە، کاتێک دەزگاکانی فەرمانڕەوا وڵات دەکەنە بیابان و جڤات بۆ هەڵدێران پاڵ دەنێن، ئەوا ڕابوونی ئیکۆلۆژیی تاکە ڕێی ئازادییە. سیستەمی سەرمایەدارییش بە شێوەیەکی ئاشکرا ژینگەی لە ئابووریی بژێویی ترازاندووە و کردوویەتی بە سەرچاوەی بەرهەمهێنان بۆ ئامانجی سوود و پاوانی دەسەڵات. ئەم هەلومەرجە تۆقێنەرە، بە واتای مەرگی پلەبەندی کۆمەڵی ئێرانیی دێت.

ئێران ئەمڕۆ هەڵکشانی سیاسەتی «کۆمەڵگەی بەبیانبوو و وشکەڵان»ـی بۆ گەلانی ستەمدیدە چێوەمەند کردووە. دەرهاویشتەکانیشی هەڵکشانی گێژاوە لە سەرپاکی ئێران. شوێنەواری وێرانکەری ئەم شاکاولکارییانە تا سنوورێکە کە دەتوانین ئەم دۆخە ترسناکە ببینین، هەموو ئەم کارەساتانە سەرەتا بە هۆی سیستەمێکی سیاسیی فەرمانڕەواوە وا لە گۆڕێ، لە ئێران ژینگە و زانستی ئیکۆلۆژیی بە ئەنقەست و بەرنامە بووە بە قوربانیی بەرژەوەندییە پاوانخوازییەکانی هێز و سەرمایەی دەستەبژێرێکی تایبەتی دەسەڵاتخواز، جا سەرەتا بەهۆی پەیوەندیی بوونەکیی ژیان بە ژینگەوە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە لە هەڵدێریی تیاچووندایە، هیچ کاتێک خەڵکی ئێران وەک ئێستا بەهۆی دۆخی کارەساتباری ژینگەوە هەستیان بە ترس نەکردووە، ئەم دۆخە تەنانەت ناتوانێت تا چەند ساڵی تریش بەردەوام بێت، ڕژێم دەتوانێت درێژە بە سیاسەتە سەپێنەرەکانی خۆی بدات، بەڵام چۆن مامەڵە لەگەڵ پەرچەکرداری جڵەونەکراوی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی دووجەمسەر بگۆڕە دەکات. داخۆ دەتوانین ئەم دوو گۆڕەپانەی کاردانەوە بخەینە سەر یەک ڕاستەهێڵی پانوپۆڕی سەربەستی و ئازادیی؟ هەروەها داخۆ تاکە هێزی کردەکیی، خودی کۆمەڵگە نییە؟

مسۆگەر تەنیا گەلان و کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێی بەرنامەی هەمەچەشن و جووڵەی بنیادنەری مەدەنیی دەتوانن ئەم لێشاوە خێرایەی وێرانکاریی ڕەفتاری سیاسیی ڕژیمی دەسەڵاتگەرا ڕاوەستێنن. هاتنە مەیدانی هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شامەرجیی ڕزگاریی ژینگە و کۆمەڵی مرۆییە. بێگومان ڕزگاریی کۆمەڵی مرۆیی بە شاڕێی ڕزگاریی ژینگەدا تێ دەپەڕێت، لەم بەستێنەدا هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێران هیچ ئاسایی نییە. زەنگی پووکانەوە دەزرنگێتەوە، کۆمەڵگەیەکی وەک ئەمڕۆی ئێران کە ئاوا لە زەلکاوی وێرانکارییەکی ژینگەییدا ڕاوەستاوە، ئەوەندەی دەرفەت نییە تا بە فەلسەفەی چاوەڕوانیی، چاوەڕێی ڕزگارکەرێکی دەرەکیی بێت، بێگومان زانست و ئیکۆلۆژیی و هۆشیاریی ئیکۆلۆژیی ئەوەندە پێش کەوتووە، کە بزووتنەوە ئازادیخوازە ئیکۆلۆژییەکان ئەمە بە بنەڕەتیی بەرخۆدانی ئازیخوازانەی خۆیان دەزانن. گەر ڕژیم دەیان ساڵە ژینگەی کردووە بە دەساوێژی سەرکوت و دەسەڵاتی پاوانخوازانەی سیاسیی، ئەوا لە بەرانبەردا کۆمەڵگە و خەڵک ناچارن بیکەن بە چەکێکی بەهێزی ڕابوون و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی.

ڕێبەر ئاپۆ ژینگە بە سرووشتی یەکەم و کۆمەڵگە بە سرووشتی دووەم ناودێر دەکات، سا بوونی هەریەکەیان بێ ئەوی تر نەکردەنییە، ڕێبەر ئاپۆ پێی وایە کۆمەڵگەی کۆمیناڵ و ژینگەیی پێویستی بە ئیکۆئابوورییە.

گەر سیستەمە فەرمانڕەواکانیش وەک سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی و ئێرانیی، گەرەکیان بێت ئەم هەمەچەشنییە کۆمەڵایەتیی-مرۆییە ڕێبەند بکەن، ئەوا وێرانکاریی ژیان یەخەی خودی خۆشیان دەگرێت. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگاریی ژینگە و کۆمەڵگە وەک دوو سرووشتی هاوڕیشە، تەنیا بە ئافراندنی فیکر و ڕامانی ئازادیخوازانەی ئیکۆلۆژیک دێنە بوون.

گەرەکە ڕامانێکی لەم چەشنە بەپێی جیهانبینییەک چێوەمەند بکرێت، جا ئامانجە بەرزەکەی ژینگە و ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگە بێت. ئامانجی ڕێبەر ئاپۆش لە جیهانبینیی «کۆمەڵگەی دیموکرات و ئیکۆلۆژیی ئازادیی ژن»ـش هەر ئەمەیە، سا بۆیە کۆمەڵگەی ئێران لەو ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەهۆی گیرۆدەبوونی بە سەردەمی شەڕ و وێرانکاریی و ژینگەوە وا لە سەر لێژگەی هەڵدێران، تەنها لە ڕێی ئاوڕدانەوە لە ڕامانی ڕێبەر ئاپۆوە دەتوانێت بیر لە سەربەستیی و ئازادیی بکاتەوە، هێزی کردەییکردنەوەی ئەم فەلسەفەیەش کۆمەڵی مەدەنییە، چونکە دەتوانێت چەندین ڕێکخراوی مەدەنیی و ناحکومیی بنیاد بنێت.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی «کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)» پیی وایە یەکخستنی بزووتنەوە ژینگەییەکانی کۆمەڵی مەدەنیی تاکەڕێی وەستاندنی ماشێنی وێرانکەری ژینگەی ڕژێمی ئێرانە. جا بۆیە گەرەکە هەم ئۆپۆزسیۆن و هەمیش کۆمەڵی مەدەنیی هاوتەریب یەکگرتوو، ستراتیژ و بەرنامەکانی ڕزگاریی ژینگە بە دەساوێژی ئیکۆلۆژیی وەک زانستیی ڕزگاریی بەکار بهێنن. ڕزگارکەری سەرەکیی خودی کۆمەڵگەیە، ئەمەش لە ڕێی متمانە بە هێزی مەزن و بەهێزی بگۆڕەکەیەوە، بۆیە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، واتە ٤ـی نیسان، کە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاکیشە، بیرکرنەوە لە ڕزگاریی ژینگە بەشێکە لە ئەرکەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی تاکە هێزی بەرگرییە لە خۆی و سرووشتی دووەم پارێزەری سرووشتی یەکەمە بە ئامانجی ڕاست و جوان و باشەوە."

هـ . ب