هادی حەمە کەریم: کەمی کەرەستەی کشتوکاڵی و تەکنەلۆژی، وایدەکرد جەستەیەکی تەندروستمان هەبێت

هادی حەمە کەریم، جوتیارێکی گوندی گەچێنەیە و سەبارەت بە زیادبوونی کەرەسەتەی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژییا وتی: "کەمی کەرەستەی کشتوکاڵی لە جاراندا، وایدەکرد ئێمە جەستەیەکی تەندروستمان هەبێت."

هادی حەمە کەریم، جوتیار و دانیشتوویەکی کۆنی گوندی گەچێنەیە، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، ماوەیەکی زۆر خەریکی کاری جوتیاریی و بووە و ئێستاش وەک خولیایەکی خۆی هێشتا بەردەوامی بە کارەکەی دەدات.

هادی حەمە کەریم سەبارەت بە مێژووی گوندەکە و مێژووی کاری جوتیاری خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەیکرد و وتی: "ئەم گوندە تا ساڵی ١٩٧٥خەڵکی نیشتەجێی تێدابوو، بەڵام لەوکاتەدا بەبۆنەی ڕێکەوتنێکی نێوان عێراق و ئێران، کە دوورکەوتنەوەی هەردوولا بوو بۆ مەودای دە کیلۆمەتر لە سنورەوە، ئەم گوندەش بووە یەکێک لەو گوندانەی کە دانیشتووانەکەی ڕاگواستران بۆ کۆمڵگە زۆرەملێکان، کە حوکمەتی بەعس دروستی کردبوون، بەڵام گوندەکانی ئێران چۆڵیان نەکرد."

هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئەو پێیوابوو چۆڵکردنی دانیشتوانی گوندەکان بەزۆر، بەشێکی لەبەر ئەو هۆکارەبوو کە دوژمن نەیدەویست کە خەڵکی خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن لە ناو گوندەکاندا، بەڵکو دەیویست سەرچاوەی بژێوی خەڵک بەدەست خۆیەوە بێت.

ئەو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەم گوندە، باسی لەوە کرد کە ئەم گوندە تا ئێستا تاکە گوندی سەر بە هەورامانە، کە هیچ بیرێکی دەستی تێدا نییە و وتیشی: "سەرچاوەی ئاوی ئەم گوندە چوار کانییە (هەمزەیی، سەرگەچێنە، گورگەدەر، حەوزە لارە)، تائێستاش هەر ئەو کانیانەن، بەڵام بە بۆنەی وشکە ساڵییەوە، ناچاربووین بۆری بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئاوەکە بگاتە سەر دار و درەختەکان و ئاوی پێبدەین، ساڵانی ڕابردوو دەمانتوانی کە بژێوی ژیان لەڕێی ئەم بەرهەمانەوە بەدەستبێنین، بەڵام بەبۆنەی وشکەساڵییەوە بەردەوام بەرهەمەکان بەرەو کەمبوونەوە دەڕۆن."

هادی حەمە کەریم، باسی لە مێژووی کۆنی کارکردنی خۆی کرد وتی: "لە کۆندا کەرەستەی وەک ئێستا نەبوو، ئێمە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانمان و ساغکردنەوەیان، ئاژەڵمان بەکاردەهێنا  و بۆ کێلانیش لە بری تراکتۆر گاجووتمان بەکاردەهێنا، ئەمەش وایدەکرد کە جەستەیەکی تەندروست و چالاکمان هەبێ، بە پێچەوانەی ئێستاوە، بۆ خۆراکی ئاژەڵەکانمان ناچاربووین کە لە لوتکە و شوێنە سەختەکانەوە، گیا کۆبکەینەوە و وشکی بکەینەوە و بیکوتین، تاکو خۆراکی پێویستیان بۆ دابین بکەین."

ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سەختی ژینگەی هەورامانەوە خاوەن کلتورێکی تایبەتی بیناسازی و کشتوکاڵن و وتی: "لە هەورامان زۆربەی خانوەکان بەسەریەکەوەن، بۆ کشتوکاڵیش تەڵان (وشکە کەڵەک) دروست دەکەین و چاندنی تێدا ئەنجام دەدەین، ئەمەش بۆ پاراستنی خانو و بەروبومەکانمانە لە زریان و داڕمان."

ئەم هاوڵاتییە باسی لە مێژووی پەیدابوونی جۆرێک لە کولە کرد بۆ ناوچەکە، دوای ڕووخانی حوکمەتی بەعس و هاتنی ئەمریکییەکان و وتیشی: "من پێموایە ئەم جۆرە کولەیە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هێنراوە، ئەم جۆرە کولەیە بووە بە ئافات بۆ بەرووبوومی ناوچەکە و زیانی بۆ هەموو بەرهەمەکان هەیە، جوتیارانیش ناچاردەکات بە بەکارهێنانی مەوادی کیمییای بۆ پاراستنی بەرووبوومەکانیان."

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هادی حەمە کەریم ئاماژەی بەوەدا کە ناوی گوندی گەچێنە، لە چینەکردنی کەوەوە هاتووە و ناوی ئەم گوندەی پێ نراوە.

 هـ . ب