لە دوای شەڕی غەززەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا و ئیسڕائیل بەشێوەی بەرچاو هەڵکشاوە

ئاشکرابوو کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بە رێژەی نزیکەی لەسەدا ٣٥ زیادی کردووە.

دەوڵەتی تورک و تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی کە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لێدوانی توندیان لە دژی ئیسرائیل دەدا، تادێت زیاتر دەردەکەوێت کە ئەو لێدوانانە بۆ خەڵەتاندنی رای گشتین و لە پشت پەردەوە نەک پەیوەندییەکانیان راگرتووە، بەڵکوو لەدوای ئەو شەڕەوە پەیوەندیەکانیان لە رووی بازرگانییەوە زیاتر پەرەی سەندووە.

گۆڤاری هەواڵیی (زە کرەیدڵ) کە بابەتەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و پاشان جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەکات بەوەی لە گەرمەی لێدوانە توندەکانی تورکیا دژی ئیسرائیل بە ڕێژەی ٣٤.٨٪ بەرزبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار ٣١٩.٥ ملیۆن دۆلار بووە، لە مانگی كانوونی یەكەمدا بەرزبووەتەوە بۆ ٤٣٠.٦ ملیۆن دۆلار، ئەو ڕێژەیەش بڕی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردووشی تێپەڕاندووە، کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ٤٠٨.٣ بوو.

گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەدا وتەی شارەزایەکی ئابووریی تورکیا بەناوی (ئیبراهیم قەهوەچی) وەرگرتووە و دەڵێت: دەوڵەتی تورک ڕوویەکی ڕق و توڕەیی دەرخستووە، لە کاتێکدا کار و مامەڵەکانی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بە ئاسایی بەڕێوەدەچن.

ئەم پەیوەندییە بەهێزە لە کاتێکدایە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەردۆغان ڕایگەیاند، پێویستە ناتانیاهۆ ببرێتە دادگا و وەک ئەنجامدەری تاوانی جەنگ دادگایی بکرێت بەهۆی ئەو تاوانانەی لە غەزە ئەنجامی داوە، هاوکات ئیبراهیم قەهوەچی دەڵێت: بیلالی كوڕی ئەردۆغان بەم دواییە داوای لە گەلی توركیا كرد بایكۆتی ئیسرائیل بكەن، لە كاتێكدا بوراكی برای خاوەنی ئەو كەشتیانە، كە بەشێوەیەكی بەردەوام کەلوپەل بۆ ئیسرائیل ڕەوانە دەكەن.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵى ڕابردوو، ڕۆژنامەنووس مەتین جیهان، پەیوەندییەكانی نێوان بوراک ئەردۆغان و كۆمپانیا ئیسرائیلیەكانی ئاشكراكرد، كە بابەتەی بەم جۆرەبوو: “لە كاتێكدا ئەردۆغان لە ١٧ـی تشرینی یەكەم ئیدانەی بۆردومانی نەخۆشخانەیەكی كرد لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، كۆمپانیاكەی بوراكی كوڕی، سەرقاڵی بارداگرتن بوو لە بەندەرێكی ئیسرائیل، لە ٢٨ـی تشرینی یەكەم، ئەو کاتەی ئەردۆغان ڕەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لە خەڵک دەكرد خۆپیشاندان بكەن، كەشتی كوڕەكەی لە گەروی شاخی تارق بە بارەكەیەوە بەرەو ئیسرائیل دەپەڕییەوە”.

گۆڤاری (زە کرەیدڵ) لە ڕاپۆرتەکەیدا لێدوانێکی هاکان فیدان وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورکی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا بەبیرهێناوەتەوە، کە پاش ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە تەلەفونیانە و پەیوەندی بەهێزی نێوان بنەماڵەی ئەردۆغانی دەسەڵاتدار و بازرگانانی ئیسرائیل، بەرگری لەو پەیوەندییانە کردبوو و وتبووی: 'ئەو پەیوەندییانە هیچ زیانێک بە دۆزی فەڵەستین ناگەیەنن'.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکیا “تورکستات” کراوە، ئەو بارانەی توركیا بۆ ئیسرائیلی ڕەوانە كردوون چەكیشی لەخۆگرتووە و، بە شێوەیەک تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەرامبەر ١٠٥ هەزار دۆلار چەکی بۆ ئیسرائیل ناردووە و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا كۆی بڕی هەناردەكردن گەیشتووەتە ٨٢٣ هەزار و ١١٢ دۆلار، سەرباری پەیامە توندەكانی ئەنقەرە دژی تەلئەبیب كاری نێوان كۆمپانیا توركی و ئیسرائیلیەكانیش بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچوون.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری (زە کرەیدڵ)دا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا توركیا ئیدانەی كردەوەكەی ٧ی تشرینی یەكەمی نەكردووە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ئەنجامدرا، تەنانەت ئەردۆغان لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمدا لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل وتی: حەماس تیرۆرست نین و بەڵکوو گرووپێکی ڕزگاریخوازە بۆ فەڵەستین، دواتریش ناتانیاهۆی بە هیتلەر چواند.

هـ . ب