لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨٣٤ کەس لەسێدارەدراون

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵی رابردوو لانیکەم ٨٣٤ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون و لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا دووەم جارە کە ژمارەی جێبەجێکردنی لەسێدارەدان ٨٠٠ کەس تێپەڕێنێت.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکە لە نەرویژە و یەکێتی لە دژی سزای لەسێدارەدان کە بارەگاکەی لە فەرەنسایە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بە هاوبەشی بڵاوکردەوە،  بە گوێرەی راپۆرتەکە ساڵی رابردوو لانیکەم ٨٣٤ کەس لەئێران لەسێدارەدراون.  

ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی لەسەدا ٤٣ زیادی کردووە و روونیشیان کردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئەمە بەرزترین ژمارەی جێبەجێکردنی سزایە، بەوپێیەی لەو ساڵەدا ٩٧٢ کەس لەسێدارەدرابوون.

راشیانگەیاندووە، لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ئەمە دووەم جارە کە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ساڵێکدا لەئێران ٨٠٠ کەس تێپەڕێنێت.

چین، سعودیە و ئێران سێ وڵاتن کە زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانیان تێدا ئەنجامدەدرێ. لە ئێران لەسێدارەدان لە رێگەی پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەی دەسەپێندرێت.

بەپێی راپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٤٧١ کەس بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر، ٢٨٢ کەسیش بە هۆی تاوانی کوشتنەوە لە سێدارەدراون. ساڵی رابردوو لانیکەم ٢٢ ژن لەسێدارەدراون، ئەوەش لە ١٠ ساڵی رابردوودا بەرزترین ژمارەیە.

ئەو دوو رێکخراوە لە راپۆرتە ١٠٠ لاپەڕەییەکەیاندا هێمایان بۆ ئەوەکردووە، کە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەسێدارەدان وەک "ئامرازێکی گوشاری سیاسی" بەکاردەهێندرێت و ٨ کەس بە تۆمەتی خۆپیشاندان و ٦ خۆپیشاندەریش بە تۆمەتی شەڕ لە دژی خودا و خراپەکاری لەسەر زەوی لەسێدارەدراون، ئەمە جیا لە ٣٣ زیندانی دیکە کە بە تۆمەتی ئەمنی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، هەروەها دوو کەس بە تۆمەتی سوکایەتی بە پیرۆزیەکان لەداردراون.

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢دا دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاق لە تاران کوژرا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسرا و بە گەورەترین و بەرفراوانترین خۆپیشاندانی ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.

لە دوای دەستپێکردنی ئەو سەرهەڵدانە ژمارەی جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەی بەرچاو هەڵکشابوو، بە جۆرێک کە لەو ساڵەدا ٥٨٢ کەس لەسێدارەدرابوون، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣٣٣ حاڵەت بوو.

بەلوچ و کوردەکان وەک دوو پێکهاتەی نەتەوەیی لە ئێران کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پشکی شێری قوربانیدانیان بەرکەوت و زیاتر لە نیوەی گیانبەختکردووان لەو دوو پێکهاتەیەبوو، لە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیشدا هەمان پشکیان بەرکەوتووە.

رێکخەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران مەحمود ئەمیری موقەدەم رایگەیاند: "ترساندنی کۆمەڵگا تاکە رێگەیە کە رژێمی لەسەر دەسەڵات راگرتووە و جێبەجێکردنی سزای مەرگیش ئامرازێکە بۆ ئەو مەبەستەی دەسەڵاتداران".

ناوبراو نیگەرانی خۆیشی نیشانداوە، لەوەی کەبەهۆی ئەوەی سەرنجەکان لە سەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە، لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا ناڕەزایەتی بەهێز بەرامبەر بە هەڵکشانی بەرچاوی ئامارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران نیشان نەدرێت.

لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ٨٣ کەس لەسێارەدراون، کە زۆرینەیان لە پێکهاتەی بەلوچ و کوردن.

هـ . ب