ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا: ڕێچکەی لۆزان ڕاست بکەنەوە

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا دوو دۆسیە بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرن، پەیوەست بەو پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییانەی بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە پەیدابوون.

وەک درێژەی کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا دەربارەی پەیماننامەی لۆزان لە ٦ و ٧ تەمموز، دوو دۆسیە ڕەوانەی سەرۆکایەتی فەرەنسا و کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

دۆسیەی یەکەم، کارەکان و ئەنجامەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لەخۆدەگرێت لەگەڵ لیستی پێشێلکارییە یاساییەکانی نێو پەیماننامەی لۆزان، لەسەرووی هەموویانەوە نکۆڵی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و پرۆسەکانی ئەسیمیلاسیۆن و قڕکردن دژی گەلی ڕەسەنی کوردستان.

دۆسیەی دووەم، بەروار و ژمارەی کۆمەڵکوژییەکانی سەر کورد لە سەدەی پێشوو لە چوار پارچەی کوردستان دەگرێتە خۆ.

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا مونزیر شیار ڕایگەیاند، ناردنی ئەم دۆسیانە ناچارکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێچکەی پەیماننامەی لۆزان، لەگەڵ دانپیانان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک کلیلی ڕاستکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان کە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا و دوڵەتی عوسمانی لە ٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣ واژۆکرا.