دەنیز گەزمیش و هاوڕێکانی یادکرانەوە: تێکۆشانیان لە کوردستان بەردەوام دەبێت

دەنیز گەزمیش و یوسف ئاسڵان و حوسەین ئینان لەسەر گۆڕەکەیان یادکرانەوە، لە یادەکەدا پەیامدرا: "تێکۆشانیان لە کوردستان بەردەوام دەبێت. تێکۆشانمان ڕووناک دەکەنەوە و ڕێگەمان بۆ دەکەنەوە".

پێشەنگانی بزاوتی شۆڕشگێڕیی تورکیا دەنیز گەزمیش و یوسف ئاسڵان و حوسەین لە ٥٢ هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیان لەسەر گۆڕەکەیان لە گۆڕستانی کارشیکای ئەنقەرە یادکرانەوە، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان و چەندین ئەندامی پارتە سیاسییەکان بەشداری یادەکە بوون کە لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکانەوە ڕێکخرابوو.

"ڕێگەمان ڕووناک دەکەنەوە"

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دەنیز و حیکمەت و کایپاکایان و ماهیر و مەزڵوم و ساکینە و سێڤێ و پێشەنگانی دیکە تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستیان بۆ جێهێشتووین و ئێمەش بەشێوەی شایستە درێژە بەم تێکۆشانە دەدەین، گوتی: "هەرگیز لەیادیان ناکەین، بژی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیمان، بژی تێکۆشانی ڕێکخراوەییمان، بژی تێکۆشانی وڵاتپارێزیمان".

تونجەر باقرخان بە کوردی و تورکی دوا و ڕایگەیاند تێکۆشانی دەنیز و هاوڕێکانی لە چوار پارچەی کوردستان بەردەوام دەبێت، گوتی: "ئەوان تێکۆشانمان ڕووناک دەکەنەوە و ڕێگەمان بۆ دەکەنەوە. بەڕێزەوە سڵاویان بۆ دەنێرین. باوەڕ بەوە بکەن، تا گەیشتن بە ئەنجامێک، تێکۆشان بەردەوامە. وەک چۆن لە بەرخۆدان وان، لە ئامەد و ئیستەنبوڵ و ئەزمیر، هاوشێوەی تێکۆشانی کرێکاران، خاوەنداری لە ماف و یەکسانی و ئازادی کرا. ئێمەش باوەڕمان وایە لەم تێکۆشانەدا سەردەکەوین".