پارێزگاری هەولێر سەردانی شارەوانی مێردینی کرد

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو سەردانی شارەوانی مێردینی کرد و ڕایگەیاند ئامادەن لەپێناو ئاشتی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئەحمەد تورک گوتی: "پێویستە ئیدارەی باشوور مافی هەموو کوردان بپارێزێت".

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، سەرۆکی شارەوانی هەولێر کارزان هادی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان شڤان زراری و شاندی یاوەریان سەردانی شارەوانی مێردینیان کرد، لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیر و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیزەوە پێشوازیان لێ کرا.

"پشتگیری لە ئاشتی هەرێمەکە دەکەین"

ئومێد خۆشناو دڵخۆشی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و سوپاسی میواندارییەکەی کرد، گوتی: "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ئاشتی هەرێمەکە دەکەین. لەپێناو ئاشتی هەرچیمان پێ بکرێت ئامادەین. ڕۆژێک ئێوەی هاوسەرۆکانی هێژا بانگهێشت دەکەین بۆ هەولێر، دەرگای ئێمە هەردەم بۆ ئێوە کراوەیە".

ئەحمەد تورک: پێویستە ئیدارەی باشوور مافی کوردان بپارێزێت

ئەحمەد تورک ڕایگەیاند هیچ کێشەیەک لەنێو گەلاندا نییە و وەک گەلی مێردین هەمیشە چاند و زمان و خاکی خۆیان دەپارێزن، گوتی: "خۆزگە شارەکانی تری تورکیاش وەک مێردین فرەچاند بن. ئەوکات دیموکراسی و ئاشتی دێتە تورکیا. پێویستە لەنێوان کوردان دیالۆگ هەبێت. پێویستە هەموومان بۆ ئایندەی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان پەیوەندیمان هەبێت. بۆیە هەموو کوردێک چاوی لە باشووری کوردستانە. پێویستە حکومەتی باشوور مافی هەموو کوردان بپارێزێت. ئەوکات کوردان دەگەنە ئامانجەکانیان. بروام وایە، لەڕووی سیاسی و لەنێوان گەلیشدا، پەیوەندی نێوان کوردان بەهێزتر دەبێت".

دەڤریم دەمیر ڕایگەیاند یەکگرتووی گەلی کورد گرنگە و گوتی: "لەلایەک دەبێت خزمەتی گەلەکەمان بکەین، لەلایەکی تر دەبێت بۆ یەکێتی کوردان بە هەموو هێزێکەوە کاربکەین".