ڕێپێوانێک لە دەیرەزۆر بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سوریا و یەکێتیی ژنانی گەنج لە دەیرەزۆر ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سوریا و یەکێتیی ژنانی گەنج، ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و داوایان کرد ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێتە دی، دەیان دانیشتووی گوندەواری دەیرەزۆری ڕۆژئاوا و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان بەشداری چالاکییەکە بوون.

ڕێپێوانەکە لە دەروازەی شارۆچكەی سەعوە دەستیپێکرد بەرەو چوارڕییانی شارۆچکەکە، بەشداربووان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان هەڵگرتبوو، هەروەها لافیتەکان بە درووشمی «ئازادی سەردەکەوێت» بەرزکرانەوە، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمی «بێ سەرۆک ژیان نابێ»، «بڕوخێت پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی».

لەگەڵ گەیشتنیان بە چوارڕییانەکە، بەشداربووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سوریا لە دەیرەزۆر، حەسەن مەحمود، گوتی: «بەناوی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سوریا و یەکێتیی ژنانی گەنجەوە دەڵێین، ئیرادەی گەلان بەهێزترە لە شوراکانی زیندانی ئیمراڵی».

دووپاتی کردەوە، گەنجان لەسەر هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەروەردە بوون و گۆشەگیری و داگیرکاری کۆتایی پێ دەهێنن.

هەروەها لە چالاکییەکەدا، هاوسەرۆکی مەجلیسی مەدەنی دەیرەزۆر، فەتحی عەتیش، قسەی کرد و گوتی: «لەم سەکۆیەوە داوا لە هەموو جیهان دەکەین، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەدی بهێنن، چونکە بە هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گەلان ئازادبوون و ژنان بە مافەکانیان گەیشتن».

هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی کرد، هەڵوێست وەربگرن بۆ لێپێچینەوە لە تورکیا، کاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیریی سەپێنراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هەروەها داوای لە دانیشتووانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لە دەوری پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆببنەوە و پشتیوانی بکەن لەپێناو شکستهێنان بە پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. هەروەها سەبارەت بەو کۆچبەرە سورییانەی کە ناسنامەی تورکییان وەرگرتووە، داوای کرد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە ١٤ ی ئایار، دەنگ بە ئاکەپە و ئەردۆگان نەدەن.

ف.ق