عێراق بووە ئەندامی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە

گروپی ئێگمۆند دەنگ بە ئەندامبوونی عێراقی دا تا بچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە بەهەماهەنگی بەرەنگاری سپیکردنەوەی پارە دەبنەوە.

ئەنجوومەنی دادوەری باڵای عێراق رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی گروپی ئێگمۆند لە وڵاتی ئیمارات دەنگ بە ئەندامبوونی عێراق دراوە و عێراق دەچێتە ریزی ئەو ١٧٠ وڵاتەی بە هەماهەنگی بەرەنگاری سپیکردنەوەی پارە دەبنەوە".

جێگای باسە لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری باڵای عێراق هاتووە: "هەوڵەکانی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە عێراقی کردە ئەندامی گروپی ئێگمۆنتی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەندامانی گروپی ئێگمۆنت لە کۆبوونەوەیەکی گشتی کە لە ئیمارات بەرێوەچووە دەنگیان بە ئەندامبوونی عێراق داوە و لە کۆبوونەوەکە زەیا جەعفەر جێگری سەرۆکی دادگای تێکهەڵچوونەوەی بەغدا و نزار ناسڕ بەرێوەبەری نوسینگەی بەرەگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە وەک نوێنەری عێراق بەشداربوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشتر عێراق داواکاری پێشکەشکردبوو بۆ بوون بە ئەندامی ئێگمۆنت و لەمڕۆ بەدواوە عێراق یەکێکە لەو ١٧٠ ئەندامەی لە ئێگمۆند بە هەماهەنگی بەرەنگاری سپیکردنەوەی پارە دەبنەوە.

جێگای باسە وڵاتانی ئەندام لە گروپی ئیگمۆند، رووبەرووی سپیکردنەوەی پار دەبنەوە و سەکۆیەکی سەلامەتی ئاڵۆگۆڕی دراو بۆ ئەندامەکانی دابین دەکات.

هـ . ب