'تورکیا دەستی بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئیسرائیل کردووەتەوە'

تەنیا چەند رۆژ دوای ئەوەی راگەیەندرا دەوڵەتی تورک هەناردەی کاڵای بۆ ئیسرائیل راگرتووە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، ئەنقەرە دەستی بە هەناردەکردنی کاڵا کردووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵەپەڕەکانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئابوری ئیسرائیل بۆ ئەوەی پێویستیان بە هاوردەی کاڵا لە تورکیاوە نەمێنێت، لە رۆژانی رابردوودا هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ. ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان خستووتەڕوو کە وەزارەتی بازرگانی تورکیش پەیامێکی بۆ کارگەکانی کەرتی بیناسازی ناردووە و روونکردنەوەی پێداون.

ماڵپەڕی هەواڵی گلۆبس بڵاویکردەوە، ئەنقەرە بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ناردنی کەلوپەلی بیناسازی بۆ ئیسرائیل مۆڵەتێکی کاتی بە کارگەکان داوە.

هەواڵەکە کە پشتی بە زانیاری کاربەدەستانی ئیسرائیلی و تورک بەستووە، ئەوەی تێداخراوەتەڕوو کە وەزارەتی بازرگانی تورک نامەی لەسەر بڕیارەکە نامەی بۆ ئەو کارگە هەرێمیانە ناردووە کە بەر لە بڕیاری قەدەغەکە کاڵایان بۆ ئیسرائیل هەناردە کردووە.

لەنامەکەدا هاتووە، کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی کاڵا کاتییە و تەنیا بۆ ئەو کارگانەیە کە پێشتر کاڵایان هەناردەی ئیسرائیل کردبوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەی ٨ی ئایاری نێوان بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بازرگانی تورکیا و کاربەدەستان باڵای ژووری بازرگانی تورکیا-ئیسرائیل لە ئەنقەرە دراوە.

گلۆبس بە بێ خستنەڕووی سەرچاوەکەی ئاماژەی بەوەکردووە، کە وەزارەتەکانی دەرەوە و ئابوری ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە شێوەی درێژخایەن پێویستیان بە هاوردەی کاڵا لە تورکیا نەبێت هەوڵ دەدەن وەک جێگرەوە روو لە یۆنان و قوبرس بکەن.

هـ . ب