ئەندامانی تەجەشە: تائازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان

ئەندامانی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) لە رەقا و دێرەزور رایانگەیاند، لە رێگەی خەباتیانەوە هەوڵ دەدەن ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە باشی بڵاوبکەنەوە و جەختیان کردەوە، "درێژە بە تێکۆشان و بەرخودان دەدەن".

 ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" لە ٧٤ وڵاتی جیهان دەستیپێکرد. سەدان سیاسەتمەدار، پارێزەر، ڕۆشنبیر، گەنج و کەسایەتی ناسراوی جیهان بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد؛ ئەم هەڵمەتە هێشتا بەردەوامە.

گەنجانی شۆڕشگێڕ لە هەموو شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی ڕێپێوان و سیمیناری وتووێژ و بڵاوکردنەوەی بروشورەوە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یان بڵاو کردەوە. هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شاری ڕەقە و دێرەزۆر لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.

بەلال محەمەد، ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ڕەقە ڕایگەیاند: "وەک بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا، لە شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین. پێویستە بەشداری هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" بین  و داوای ئازادی جەستەیی سەرۆکمان بکەین. لەم ڕووەوە زۆربەی ئەرکەکان لەسەر شانی گەنجانە، بۆیە پێویستە بیر و فەلسەفەکەی پەرە پێبدەین."

غەنام ئەحمەد، لە بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی دێرەزۆر، ڕایگەیاند کە وەک بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ڕێگەی سیمیناری وتووێژ و بڵاوکردنەوەی بروشورەوە چالاکییەکانیان ڕێکدەخەن و ئاماژەی بەوەدا: " دەبێت هەموو گەنجان بۆ ئەوەی ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان بەجێ بهێنن خۆیان پەروەردە بکەن."

لە کۆتایی قسەکانیدا غەنام ئەحمەد وتی: "ئێمە بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکان، بەردەوامین لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و دەڵێت، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر نەکەین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.