واشنتن پۆست: رووسیا مانگێکی دەستکردی پێشکەوتوو بە ئێران دەفرۆشێت

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە: "روسیا مانگێکی دەستکردی پێشکەوتوو بە ئێران دەفرۆشێت و بەوەش توانای تاران لە چاودێری و سیخۆڕی بەسەر چەندین ناوچە و دامەزراوەی سەربازی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات."

رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە: " بڕیارە روسیە مانگی دەستکردی کاناپوس ڤی بە ئێران بفرۆشێت، کە کامێرایەکی پێشکەوتووی هەیە و توانای تاران لە چاودێریکردن و سیخۆڕی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات."

باسی لەوەشکردوە، ئەو مانگە دەستکردە دەتوانێت چاودێری ورد بخاتە سەر پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو، بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە.

وەک رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ کردووە: "لە ساڵی 2018ەوە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران چەندین جار بە مەبەستی ڕازیکردنی رووسیا بە فرۆشتنی ئەو مانگە دەستکردە سەردانی مۆسکۆیان کردووە و لە بەهاری ئەمساڵیشدا ژمارەیەک پسپۆڕی رووسی بە مەبەستی راهێنانی ئێرانیەکان لەسەر کارپێکردن و کۆنتڕۆڵکردنی مانگە دەستکردەکە سەردانی تارانیان کردووە."

ئەوەشخراوەتەڕوو: "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو مانگە دەستکردە لە رووسیاوە بەرەو بۆشایی ئاسمان رەوانە دەکرێت و پێدەچێت ئەو بابەتەش ببێتە پرسێکی دیکەی جێی ناکۆکی نێوان واشنتن و مۆسکۆ."

ف.ق