ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ سعودیە پشتڕاست کردەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ سعودیە دەستیان بە دانوستان کردووە.

یەکەم چاوپێکەوتن لە سەرەتای مانگی نیساندا ئەنجامدرا. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق نێوەندکاری کردووە و لە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمزیشدا باسی بابەتەکە کراوە، بەڵام چاوپێکەوتنەکە لە رای گشتی دەشاردرایەوە. رۆژنامەکە باسی ئەوەی کردبوو کە یەکەم کۆبونەوەی نێوان هەردوو وڵات لە بەغدا ئەنجامدراوە.

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا وتی، "دانوستانەکانی ئێران و سعودیە لەبارەی پەیوەندی هەردوولا و پرسەکانی هەرێمەکەیە."

سەرچاوە فەرمیەکانی عێراق پێشتر باسی دانوستانەکانی ئێران و سعودیەیان کردبوو. بەپێی زانیاریەکان ئامانجی دانوستانەکان کۆتاییهێنانە بە ئاڵۆزیەکانی پێنج ساڵی رابردوو.

خەتیبزادە وتی، "ئێمە چاوەرێی ئەنجامەکانین. ئێستا زووە کە باسی ئەنجامەکان بکەین."

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران هەموو کاتێک لایەنگری دانوستان بووە و هەوڵ دەدات ئاڵۆزیەکان کەمتر بکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی ئێران و سعودیە کۆتاییان پێهات و هەردوو وڵاتەکە یەکتری بە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن.

ف.ق