ئێران رێككەوتنی گازی سعودییە و كوێت بەنایاسایی دەزانێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێككەوتنی سعودییەی عەرەبستان و كوێت بۆ پەرەپێدانی كێڵگەیەكی گازی هاوبەش بەنایاسایی دەزانێت.

سەعید خەتیبە زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاندووە؛ كێڵگەی گازی"ئارەش / ئەلدەرە"، لەنێوان هەرسێ وڵات؛ ئێران و سعودییە و كوێت هاوبەشە و رێككەوتنی ئەو دوو وڵاتە بەدەر لەئێران لەدژی نۆرمەكانی یاسای نێودەوڵەتیە.

خەتیبزادە ئەوەشی ووتووە؛ بەشێك لەو كێڵگەیە لەو سنورە پێناسەنەكراوەی نێوان ئێران و كوێته‌. بەگوێرەی یاساكان و نۆرمە نێودەوڵەتیەكان هەركارێك بۆ پەرەپێدان و بەكارهێنان لەو كێڵگەیە دەبێتە بەهاوكار و هاوبەشی هەرسێ وڵات پێكبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیب زادە، ئامادەیی ئێرانی بۆ دانۆستانی سێ لایەنە لەگەڵ سعودییە و كوێت لەسەر ئەو كێڵگە گازیە نیشانداوە.

سعودییە و كوێت پێنج رۆژ پێش رێككەوتنێكیان لەمەڕ بەكارهێنان و پەرەپێدان لەكێڵگەیەكی گازی هاوبەش لەكەنداوی فارس واژۆ كرد كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە هەر دوولا بەشێوەیەكی بەرابەر و یەكسان ئەو كێڵگەیە بەكاربێنن.

هـ . ب