ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە ٢٥ هەزار و ٧٠٠ کەس

وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ٢٥ هەزار و ٧٠٠ کەس لە شەڕی غەززە کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس کە کۆنترۆڵی غەززەی لەدەستدایە، لە ١١٠هەمین ڕۆژی شەڕدا ژمارەی نوێی قوربانیانی شەڕەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ٢٥ هەزار و ٧٠٠ کەس ژیانیان لە دەست داوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢١٠ فەلەستینی کوژراون و ٣٨٦ کەسیش بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاگەیەندراوە، لە ٧ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا ٦٣ هەزار و ٧٤٠ کەس بریندار بوون.

سەختترین شەڕ لە خان یونس ڕوودەدات. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، گەمارۆی ئەو شوێنە نیشتەجێبووانەی لە باشووری ناوچەکە داوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان چڕتر کردووتەوە.

ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پزیشکانی بێسنوور ئاشکرای کرد، نیگەرانی سەلامەتی ئەو کەسانەن لە نەخۆشخانەی خان یونس دەمێننەوە.

سوپای ئیسرائیل بۆردومانی شارەکە و دەوروبەری زیاتر کردووە و فەرمانی چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی دەرکردووە کە نەخۆشخانەکەی لێیە.