تالیبان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان ئامادەیە

بزووتنەوەی تالیبان دوای ئازادکردنی ٤٠٠ زیندانی ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادەن لەگەڵ حکومەت دانوستان بکەن.

سوهەیل شاهین وتەبێژ بە ناوی تالیبانەوە بۆ ئاژانسی (ئەی ئێف پی) ڕایگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە ڕوونە و ئەگەر زیندانیان ئازاد بکرێن، ئێمە ئامادەین دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بکەین."

شاهین وتیشی، خولی یەکەمی دانوستانەکان لە شاری دەوحەی قەتەر دەبێت.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی گەورە (لۆیا ژیرگا) کە لە هەزاران کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی پێک دێت داواکاری تالیبانی بۆ ئازادکردنی ٤٠٠ زیندانی پەسەند کرد.

ئەشرەف گانی سەرۆککۆماری ئەفغانستان ڕایگەیاند، بڕیارنامەکەی ئازادکردنی زیندانیانی واژۆ کردووە.

عەبدوڵلا عەبدوڵلا بەرپرسی دۆسیەی دانوستانەکانی حکومەت ئەفغانستان ڕایگەیاند،"دانوستانەکان دەستپێدەکرێنەوە."

زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتی ئەمریلا لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەوان هیوادارن چەند ڕۆژی داهاتوو دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.

ف.ق