حزبوڵا کاتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق دیاریکرد

حزبوڵای عێراقی هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات و داواش لە هێزە ئەمنیە عێراقیەکان دەکات، لە سبەی شەوەوە بە دووری کیلۆمەترێک لە بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان دووربکەونەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، یەکەکانی حزبوڵای عێراقی دوای کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن و داواش لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن بەدووری یەک کیلۆمەتر لە سەرجەم بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دووربکەونەوە.

یەکەکانی حزبوڵای عێراقی دەستنیشانی کردووە" لە سبەی شەوەوە، هێزە عێراقیەکان لە بارەگا ئەمریکییەکان دووربکەونەوە لە پێناو سەلامەتی سەربازەکانتان و نەبنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەو هێزانە".

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ، ٣ موشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی سەربازی بەلەد لە باکوری بەغدا کراوە کە هێزی ئەمریکی تێیدا جێگیرکراوە.

ب.ش