'با رێبەری گەلی کورد ئازاد بێت، ئەم کێشەش چارەسەر دەبێت'

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر لە گردبوونەوەی 'دیموکراسی و ئازادی' وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە، کە بەردەنگ و موخاتەبی پرسی کورد رێبەر ئاپۆیە.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر لە گردبوونەوەی 'دیموکراسی و ئازادی' قسەی کرد و ئاماژەی بە بەرخودانی گەلی کورد کرد. کەسکین بایندر وتی، "ئێمە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. ئەم تێکۆشانە و بەرخودانە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت".

'کەس ناتوانێت تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ئاستەنگ بکات'

کەسکین بایندر پەیامی بەرخودان و تێکۆشانیدا و وتی، "گەلی کورد ئەم شارەی کردە شاری تێکۆشان. ئەوانەی دەستیان بە سەر ئیرادەی گەلەکەماندا گرتووە با جوان سەیری ئەم گۆڕەپانە بکەن. ئەمە گۆڕەپانی ئازادی و سەرکەوتنە. با دەوڵەت باش ئەمە بزانێت، هیچ هێزێک لە توانادا نییە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ئاستەنگ بکات. چەندە هێرشیش بکەنە سەر ئێمە ناتوانن رێگریمان لێبکەن. گەلی کورد لە ئەوروپاوە سڵاوێکی گەرمی شۆڕشگێڕانەی نارد. ئێمەش گەرمترین سڵاویان ئاراستە دەکەین. گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان، لە جیهان لەپێناو ئازادیدا تێکۆشانێکی مێژوویی بەڕیوەدەبەن. ئەم تێکۆشانە ئازادی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر دەکات، چارەسەری پرسی کورد دەستەبەر دەکات".

'چارەسەری لەلای عەبدوڵا ئۆجالانە، ناونیشان ئیمراڵییە'

کەسکین بایندر ئەوەی خستەڕوو کە ناونیشانی چارەسەری و ئاشتی رێبەر ئاپۆیە و وتی، "ئەگەر پرۆسەیەک لە ئارادایە، کەواتە گوێ لە دەنگی بەڕێز ئۆجالان بگرن". کەسکین بایندر رایگەیاند، گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامە و وتی، "ئەگەر ئەو گۆشەگیرییە بەردەوام بێت، کەواتە پرۆسەکە درۆیە، درۆیە، درۆیە. با گەلەکەمان پشت ئەستوربن بە بەرخودانەکەیان. ئەگەر دەتانەوێت لەم وڵاتەدا چارەسەری بێتەئاراوە، چارەسەری لای بەڕیز ئۆجالانە، ناونیشانەکەی ئیمراڵییە. لەلایەکەوە گۆشەگیرییەکی چڕ پەیڕەو دەکەن، لەلایەکەوە قەیوم بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا دەسەپێنن، لەلایەکی دیکەوە لە چوار پارچەی کوردستان ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن، لەو لاشەوە دەڵێن 'ئێمە برای یەکین'. ئێمە برای خائینان نین. ئەگەر ئاشتی و چارەسەریەک دەستەبەر بێت، ئەوە ناونیشانەکەی دیارە".

'با رێبەر گەلی کورد ئازاد بکرێت، ئەم کێشە چارەسەر دەبێت'

کەسکین بایندر وتی، "با رێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت، ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت" و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "با کوردستان ئازاد بێت، گەلی کورد بە ئامانجەکانی بگات. ئێمە دەست بە بەرخودانێکی مێژوویی دەکەین. ئەم بەرخودانە مێژوو دەنوسێتەوە؛ گەلی کورد بە ئیرادەی خۆی، بە هێزی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جیهان با ئیتر کەس گەلی کورد بە بچوک و بە کەم دانەنێت. ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی گەلی کورد، سەدەی کوردستان. ئەم بەرخودانە، ئەم یەکێتیە، ئەم هاوپەیمانی ویەکریزییە نابێت لەبەریەک هەڵوەشێتەوە".

لە کاتی قسەکانی بایندردا بەردەوام و بێپسانەوە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترایەوە.