چالاکوانانی فەرەنسا لەگەڵ کۆنگرە ستار کۆبوونەوە

شاندێک لە چالاکوانانی مافەکانی ژنانی فەرەنسا سەردانی کۆنگرە ستارییان کرد و لە سەردانەکەدا تاوتوێی ئەزموونی ژنانی هەرێمەکە کرا و جەخت لەسەر گرنگی ڕۆڵی کۆنگرە ستار کرایەوە.

شاندێک لە چالاکوانانی مافی ژنانی فەرەنسا، بە ئامانجی ئاشنابوون بە ئەزموونی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردانی کۆمیتەی پەیوەندی و ڕێککەوتنی سیاسەتە دیموکراتیکیەکانی کۆنگرە ستاریان کرد.

سەردانەکە لەچوارچێوەی بانگهێشتنامەکانی کۆنگرە ستار بۆ شاندە جیهانیەکان سەبارەت بە پرسی ژنان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە چوو.

لە سەردانەکەدا ئەندامانی کۆنگرە ستار میکانیزمی ڕێکخستنەکانی ژنانی ڕۆژئاوا و شێوازەکانی خۆپاراستنی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژنانیان هەڵسەنگاند. هەروەها سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان، ڕۆڵی ژنان لە هەموو دامەزراوەکان و یەکسانی ڕەگەزی لە ناوەندە بەڕێوەبرییەکاندا بۆچوون و ڕوونکردنەوەیان دا بە شاندەکە.

ئەرک و گرنگی کۆنگرە ستار

ئەندامانی شاندەکە بە بایەخەوە لە کۆبوونەوەکیان ڕووانی لە پێناو کاردنی ژناندا لە ڕێگەی کۆنگرە ستارەوە و ڕایانگەیاند پێویستە ژنان دەوڵەمەندیی ئەزموونەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە تا ئەوەی خەبات و ڕۆڵی ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵگەدا پێشكەوێت.