گەڕەکی نەورۆز داوا دەکەن پەدەکە نەبێتە بەشێک لە ئەجێندای دەوڵەتی تورک دژ بە کەرکوک

دوای یەک مانگ لەبەرخۆدان، خەڵکی گەڕەکی نەورۆز داوای یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان دەکەن و داوا لە پەدەکە دەکەن نەبێتە بەشێک لە جێبەجێ کردنی ئەجێندای دەوڵەتی تورک دژبە کەرکوک.

ئەمرۆ هەینی لە شاری کەرکوک، مانگێک بەسەر هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی خانووەکانی کوردانی گەرەکی نەورۆز تێدەپەڕێت، هاووڵاتیانی ئەو گەرەکەش بەدروشمی "لێرە ناڕۆین" بەردەوامن لە بەرخۆدان و مانگرتن دژ بەو هەوڵە داگیرکارییانەی سوپای عێراق، سەرەڕای ئەوەی زۆرترین گوشار کرا بۆ کشانەوەی هێزی سەربازی لە گەڕەکەکە، بەڵام هێشتا ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی سوپا لە نێو ماڵەکاندا ماوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، مانگێک لەمەوبەر سوپای عێراق چووە سەر ١٧٢ خێزانی کوردی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکوک ، بەمەبەستی چۆلکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی کوردانی گەرەکە بەبیانوی ئەوەی ئەو زەویانە موڵکی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق بوونە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا. 

ئەمرۆ هەینی، ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆشنبیران، مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی دیاری شارەکە شان بەشانی خەڵکی گەرەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد، تێیدا داوایان لە هێز و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک بە تایبەتی هەردوو حزبی دەسەڵات کرد کە "یەکڕیز و یەکگرتووبن" لەپێناو چارەسەری ئەو کێشە و گوشارانەی ڕووبەڕووی کورد بۆتەوە. وە داوایان کرد هیچ حزبێکی کوردی نەکەوێتە ژێر گوشاری دەستی دەرەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی دەرەوەی کورد بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک، مەبەست لەمەش فشارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە کە لەڕێگەی پەدەکەوە هەوڵدەدات ئیدارەی شارەکە نەگەڕێتەوە ژێر دەستی کورد کە تورکیا هەوڵدەدات پەدەکە لەگەڵ تورکمان و عەرەب ئیدارەی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەلا فەرمان محەمەد چالاکوان و سیاسەتمەداری دیاری شارەکە، بەناوی ئامادەبووان و خەڵکی گەڕەکەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "پەیامی ئەمرۆی ئێمەی خەڵکی گەرەکی نەورۆز بۆ لایەنە کوردستانییەکانی شارەکەیە، داواکارین یەکێتی نشتیمانی کوردستان و پەدەکە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هاوپەیمانییەک پێکبهێنن و بەشاندێک سەردانی لایەنەکانی دیکە بکەن بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک لە پێناو چارەسەری ئەو کێشە و گوشارانەی کورد رووبەڕووی بووەتەوە، ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن ئەوە لە داهاتوودا ئەم داگیرکاری و بەعەرەب کردنەی سوپای عێراق سەرجەم گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک دەگرێتەوە".

هەروەها مەلا فەرمان هۆشداریی دایە پەدەکە کە نەکەوێتە ژێر فشارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکمان و عەرەب دژ بە کوردانی شارەکە، هاوکاری کردنی تورکیا لەلایەن پەدەکەوە بۆ ڕێگری کردن لە دووبارە گەڕانەوەوەی ئیدارەی شارەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی کورد بە لادان لە هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە قەڵەمدا و ووتی: "هەر لایەنێک (پەدەکە) بە تەنها لەژێر هەر گوشارێکی دەرەکی بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی دیکەی دەرەوەی کورد بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، ئەوە لادانە لە هەڵوێستی نشتیمانی نەتەوەیی، ئەو لایەنەش (پەدەکە) دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبێت کە دەکەوێتە بەر شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی کەرکوک".

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەم هەوڵە داگیرکارییانەی سوپای عێراق پلان بۆ داڕێژراوە و پێدەچێت کە ئیدارەی شارەکە لێی بەرپرس بێت و ئەو داگیرکارییانە هەنگاوێکە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی بەعەرەب کردن دژ بە کوردانی کەرکوک و لەئێستاشدا جگە لەم گەڕەکە سوپا هەوڵی داگیرکردنی زەوی و ماڵی دوو گەڕەکی دیکەی کوردنشین دەدات لە شاری کەرکوک کە بریتیین لە هەردوو گەڕەکی عەرەفە و ڕووناکی".

جێگای باسە، لەماوەی ٦ ساڵ و نیوی ڕابردوو لە کەرکوک پرۆسەی بە عەرەب کردنێکی بەپلان بەڕێوەدەچێت کە رۆژ لەدوای رۆژ پلانەکان زیاتر دەبن، چاودێران و لایەنە سیاسییە کوردییەکان هەوڵەکانی سوپای عێراق بە بەشێک لە پرۆسەی بەعەرەب کردن تۆمەتبار دەکەن چونکە بەردەوام دژی کورد کاردەکەن و پشتیوانی لە عەرەبی هاوردە دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی شارەکە و داگیرکردنی خانوو و زەوییەکانی کوردان.