دەوڵەتی تورک بۆردوومانی بناری قەندیل و چیای گارەی کرد

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی بناری قەندیل و چیای گارەی لە پارێزگای دهۆک کرد.

هێرشی داگیرکاری

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز کە دیمەنی بۆردوومانەکانی دەستکەوتووە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە یەک کاتدا بۆردوومانی بناری قەندیل و چیای گارەی کرد، هەرچەندە تا ئێستا زیانە گیانیی و مادییەکان نەزاندراون بەڵام زانراوە زیان بە سرووشتی ناوچەکان گەیشتووە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی تورک بۆردوومانی شاخەکانی پشتەوەی گوندەکانی ڕەگەز و ماردوی کردووە.

هەر لە بارەی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ١٢:٢٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دوو جار بە چڕیی بۆردوومانی "گوندی کافیا"ـیان لە باشووری چیای گارا لە شارەدێی دینارتە لە شارچکەی ئاکرێی سەربە پارێزگای دهۆک کرد.

هەرچەندە تا ئێستا زیانە گیانیی و مادییەکانی بۆردوومانەکان نەزاندراوە، بەڵام زانراوە کە زیان بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.