شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە، لەبارەی شەهیدكردنی هەردوو رۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتانی لە فەیسبوكی خۆی پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتووە، له قوڵایی ناخمەوە، دڵگرانم به بیستنی هه‌واڵی تێرۆكردنی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسی كورد (جیهان بیلگین) و (نازم داشتانی)، كه لە ڕێگای نێوان به‌نداوی تشرین و شارۆچكه‌ی سرینێ، كاتێك سه‌رقاڵی ڕووماڵی میدیایی بوون تیرۆركران.
راشیگەیاندووە، مخابن، هه‌وڵه داگیركارییه‌كانی سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان تەنیا بە تێرۆركردنی جه‌سته‌ی هاووڵاتیانی سیڤیل نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ڕووی چه‌كه‌كانیان ده‌كه‌نە رۆژنامه‌نووسان بۆ كپكردنی ده‌نگه ئازاده‌كان و رێگریكردن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكانی رۆژئاڤا بەجیهانی دەرەوە.
باسیی لەوەشكردووە، ئه‌وه‌ی كه هێنده‌ی تر نیگه‌رانمان ده‌كات بێده‌نگی كۆمه‌ڵگەی نێونەتەوەییە به‌رامبه‌ر به‌م كاره قێزەون و تیرۆركردنە كە دژ بە مافی مرۆڤ و ئازادیی كاری رۆژنامەوانییە، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانن كه ئەوانەی رۆژنامه‌نووسان تێرۆر دەكەن، ده‌بێت هه‌تا ماون له ترس‌دا بژین، چونكه قه‌ڵه‌م و كامێرای ناو ده‌ستی ڕۆڵه‌كانی كۆبانێ، رۆژئاڤا و سووریا، له چه‌ك و جبه‌خانه‌كان به‌هێزتره و نه تێرۆر و نه کۆمەڵکوژییه‌كانیان ناتوانن ده‌نگه بوێر و ئازاكانی جیهان و رۆژئاڤا كپ بكه‌ن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش زیاتر لە دەیەیەك تێكۆشانی پێكهاتەكانی سووریا و سەرهەڵدانی تروسكاییەكی ئومێدبەخش بۆ سەقامگیری وڵاتەكە و گۆڕانكاری سیستەمی حكومڕانی و سیاسیی، بەڵام هاوشێوەی هێرش و داگیركارییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق و بەسەربازگەكردنی بەشێكی وڵاتەكە، توركیا هێرشە چەكدارییەکانی بۆ سەر سووریا دەستپێكردوە و بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایشی وڵاتەكە و رێگرە لەبەردەم پڕۆسەی بوونیادنانەوەی سووریایەكی نوێ و بەرقەراركردنی ئاشتیی و بەدیهێنانی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی وڵاتەکە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كوشتنی رۆژنامەنووسان لەلایەن توركیاوە، كردەوەیەكی نوێ نییە، بەڵكو توركیا تۆمارێكی رەشی مێژوویی هەیە لە داگیركاری و تێرۆركردنی رۆژنامەنووسان و کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵكی سیڤیل بەگشتی.
جەختیشیکردووەتەوە، توركیا رۆژانە هێرشی ناڕەوا دەكاتە سەر خاكی سووریا و رۆژئاڤا بە تایبەت شارێكی وەك كۆبانێ كە لەسەر ئاستی جیهان بە سیمبۆلی خۆڕاگری دادەنرێت لەهەمبەر تێكشكاندنی دڕەندەترین گروپی تێرۆریستی وەكو داعش.
ئەو سەركردەی یەنەكە دەشڵێت، سه‌رباری ئیدانه‌كردن و شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و تاوانە، كە دژ بە رۆژنامەنووسان و خەڵكی سیڤیلە، داواكارم له كۆمه‌ڵگەی نێونەتەوەیی به‌رامبه‌ر به‌م ناهه‌قیی و تاوانانە بێده‌نگ نه‌بێت و چیتر رێگه‌نه‌درێت خوێنی ڕۆڵه‌كانی سووریا و رۆژئاڤا بڕژێت، پێویستە سنوورێك بۆ ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه و ئه‌و عه‌قڵییه‌ته فاشستییه دابنرێت و له‌دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەست پێبکرێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان بۆ جیهان.
لە كۆتاییدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە، لێرەوەو بەم بۆنە خەمناكەوە، هاوخه‌می و پرسەی خۆم ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس و شاری كۆبانێی سیمبولی خۆڕاگریی و كوردانی ڕۆژاڤای كۆڵنه‌ده‌ر ده‌كه‌م.