لە وان شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەستبەسەرکردن شەرمەزارکران
لە وان دیسانەوە شەهیدکردنی ٢ ڕۆژنامەنووسی کورد و دەستبەسەرکردن شەرمەزار کرا و پەیامدرا "پاشەکشە ناکەین".
لە وان دیسانەوە شەهیدکردنی ٢ ڕۆژنامەنووسی کورد و دەستبەسەرکردن شەرمەزار کرا و پەیامدرا "پاشەکشە ناکەین".
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (دەفەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) ویستیان لە شەقامی هونەر لە شاری وان سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسان نازم دەشتان و جیهان بیلگین کە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهیدکران، ڕاگەیاندراو بخوێننەوە. پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکییەکە و ٥٥ کەسی دەستبەسەرکرد کە ١٠ ڕۆژنامەنووسی تێدابوو. ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان و هێرشی پۆلیسی شەرمەزار کرا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وان وەیسی دیلەکچی و هاوسەرۆکی دەبەپە گۆنول ئۆزونای و هاوسەرۆکانی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و عەبدوڵا زەیدان و پەرلەمانتار محەمەد کاماچ و ئەندامانی ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
"پاشەکشە ناکەین"
جەماوەر سەرەڕای گەمارۆی پۆلیس کۆبوونەوە و درووشمی "ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"یان بەرزکردەوە.
وەیسی دیلەکچی تیشکی خستەسەر ڕێگرییەکانی پۆلیس و گوتی: "بە فشار و توندوتیژی ناتوانن پاشەکشەمان پێ بکەن. هەڤاڵەکانمان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکران و پێویستە ئازادبکرێن".
محەمەد کاماچ ڕایگەیاند گەلی کورد هەرگیز سەر نەوی ناکات، گوتی: "شەرمەزارکردنی شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووس کە بێجگە لە کامێرا و پێنووس هیچی تێدا نییە، بۆچی قەدەغەیە؟ ئێوە بە جۆلانی دەڵێن تیرۆریست، بەڵام سەرۆکی میت لەگەڵ ئەودا بە شەقامەکانی دیمەشق دەسووڕێتەوە. یان یاساکانتان بگۆڕن، یان لەگەڵ تیرۆریستان مەگەڕێن".
سڵاو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرا
گۆنول ئۆزونای ڕایگەیاند شەهیدکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە دەریخست گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی چ کۆمەڵکوژی و شەڕێکی دڕندانە دەبنەوە، ڕێگری و قەدەغەکردنی چالاکییەکانی شەرمەزار کرد و گوتی: "دەست لەم هێرشانە هەڵبگرن. تاکە سەرچاوەی کێشەکان، پرسی کورد و پێویستە دەستبەجێ چارەسەر بکرێت. دیسانەوە دەڵێین، بەم هێرشانە ناتوانن ڕێگە لە ڕاستی بگرن. پێنووس و کامێرای خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە زەویدا نامێنێتەوە. ئەمڕۆش زیاتر لە ٥٠ هەڤاڵی ئێمەتان دەستبەسەرکرد، بەڵام سەیرکەن ئێمە لێرەین و خاوەندارێتیان لێ دەکەین".
ڕاگەیاندراوەکە بە چەپڵە و هەلهەلە و درووشم کۆتایی هات. ئەو ٥٥ کەسەی کە ١٠ ڕۆژنامەنووسیان تێدابوو، ئەم بەیانییە دەستبەسەرکرابوون، پاش وەرگرتنی ئیفادە، ئازادکران.