خالیدە تورکئۆغلو: بەبێ ژنان پرسەکان چارەسەر نابن

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو لە "کۆبوونەوەی ژنان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ژنان و باوەڕ و ناسنامە جیاوازەکان، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنیات بنێین".

ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ "کۆبوونەوەی ژنان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی دەست پێ کرد. چەندین ژن بەشداری کۆبوونەوەکە بوون بە ناونیشانی "بە تێکۆشانی ژنان، سیاسەتی ئاشتی لە دیموکراسی خۆجێیدا".

'بەبێ ژنان پرسەکان چارەسەر نابن'

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند وەک ئەنجوومەنی ژنان پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ چەندین گفتوگۆیان ئەنجامداوە، دووپاتی کردەوە سیاسەت ناتوانێت بە زمانی پیاوسالارانە باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی بکات، گوتی: "گەر ئەم پرسە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت، بێگومان بێ ژنان چارەسەر نابێت. بەکۆمەڵایەتیبوونی ئاشتی تەنها بە سیاسەتی ناوەندی نایەتەدی. پێویستە لە هەرێمەکەدا، لە گۆڕەپانەکاندا خۆی ڕێکخراو بکات".

تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئاشتی

خالیدە تورکئۆغلو تیشکی خستەسەر ڕەوشی سوریا، ڕایگەیاند دەبێت ژنان بەشێک بن لە بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک، گوتی: "لەگەڵ بانگەوازی ٢٧ ی شوبات، دەبێت وەک ژنان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، تێکۆشانێکی چۆن بکەین؟ دەسەڵات دەیەوێت بەدڵی خۆی شێوە بە پرۆسەکە بدات".

خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند لەکاتێکدا باسی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکرێت، هێشتا کۆمەڵکوژی ژنان بەردەوامە، گوتی: "نابێت ڕۆژەڤەکانی ژنان بە هیچ جۆرێک پەردەپۆش بکرێن، دەبێت ئەم هێڵە زیاتر ببینرێن. مەسەلەکانی توندوتیژیی ڕەگەزی و دەستبەسەرکردن و گرتن... دەبێت تێکۆشانی یەکسانیمان بکەینە ڕۆژەڤی سەرەکی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێویستمان بە پێشنیاری ڕێکخراوەکانی ژنان و فێمێنیستەکانە. لەلایەکی ترەوە، دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە لە پەرلەمان ببینین، لە ئاستی خۆجێیشدا تاوتوێی بکەین".

پاشان کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو.