کەرکوک، بۆ کۆتاییهێنان بە ڕشتنی خوێنی ژنان چالاکییەک بەڕێوەچوو

لە درێژەی چالاییەکانیاندا بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان لە کەرکوک چالاکییەکی ئەنجامدا.

 رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ هەڵمەتێكی نیشتیمانی رادەگەیەنرێت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت لەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و سیمینار و هۆشیاركردنەوەی ژنان لەمافە یاساییەكانیان، كردنەوەی پێشانگا بۆ نیشاندانی ئازار و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان كراوە لەهەرێمی كوردستان.

مێژووی ئەم رۆژە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠ کە لەو سالەدا سی خوشكە چالاك لە بواری رامیاریدا تیرۆركران بە فەرمانی (رافائیل تروجیلو) دیكتاتۆری كۆماری دۆمەنیكان، ژنانی چالاكوانی مەدەنی بواری مافەكانی ئافرەتان لە ساڵی ١٩٨١ رۆژی ٢٥/١١یان وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدژی ژنان دیاریكرد و پاشان كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم رۆژەی بە فەرمی ناساند.

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لەمافی ژنان لەچوارچێوەی چالاکییەکانیان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان هەڵمەتێکی ڕاگەیاند کە تیدا داوای کرد چیتر خوێنی ژنان نەرژێ.

لەشوێنی چالاکییەکدا پارچەیەک قوماشێکی ڕەنگ سپییان دانابوو و سەردانیکەران لە هەردوو ڕەگەزەکە قوماشەکیان بە ڕەنگی سور مۆر دەکرد وەکو هێمیایەک بۆ خوێنی ژنان، ئامانجیش لەم چالاکییە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە لە بەناحەق رشتنی خوێنی ژنان.

فەنار فاروق بەڕێوبەری ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لەمافی ژنان، لەبارەی چالاکییەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی:”ئێمە ئەمرۆ ئەم چالاکییەمان لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەویە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامداوە، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئەمجارە چالاکییەکەمان لەناو ڕێکخراو نەکرد بەڵکو گواستمانەوە بۆ ناو خەڵکی تا هۆشیاریان بکەینەوە و بلین بەسێتی رشتنی خوێنی ژنان بەناحەق".

 هەروەها فەنار فاروق ڕایگەیاند: "ئێمە سەرنجمان هەیە لەسەر یاساکانی عێراق کە میانڕەون لە سزدانی بکوژەرانی ژنان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی هەروەها داواکارین یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەی بۆ پاراستی ژنان و منداڵان، هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکە لەچوارچێوەی ئەم هەڵمەتە چەندین چالاکیمان هەیە لەنێوانیدا کۆکردنەوەی چالاکوانان و اگەیاندکاران لەگەڵ نوێنەرانی ناوەندە پەیوەندی دارەکان بۆ گفتوگۆکردن لە چۆنیە کەمکردنەویە توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها هەڵدەستین بە پێشکەشکردنی سیمینار بۆ کچانی خوێندکار تا هۆشیاربن بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان".

 لە کۆتایدا فەنار فاروق بەڕێوبەری ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لەمافی ژنان، پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد ووتی: "بەسێتی بێ دەنگی وە داواکارم لە تەواوی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکگرتووبن چونکە ئێمەی ژنان بەهێزین و پێکەوە دەتوانین ڕێگە لە توندوتیژی دژمان بگرین وە لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی توندوتیژی داواکارم ژنان دووربن لە چارەسەری عەشایرەی سکاڵای خۆیان لەلای یاسا بکەن".

هـ . ب