لە مەولودی ساکینە ئارات بانگەوازکرا بۆ هەنگاونان

وتەبێژی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی هاڤا کیران ڕایگەیاند، دەستی درێژکراوی کورد بۆ ئاشتی هێشتا لە هەوادایە و ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نەنراوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی بۆ دایکی ئاشتی ساکینە ئارات کە لە ١٢ی ئادار کۆچی دوایی کرد، مەولودیان دا. مەولودەکە بە بەشداری چەندین کەس لە بینای کۆمەڵەکە لە گەڕەکی مەولانا خالید لە ناوچەی ڕێزانی سەر بە ئامەد بەڕێوەچوو.

وتەبێژی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی هاڤا کیران ڕایگەیاند ساکینە ئارات تەواوی تەمەنی بۆ ئاشتی تێکۆشا و حەسرەتی وی بۆ ئاشتی هێشتا بەردەوامە، ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەوە یادی دەکەینەوە، گوتی: "با ئەم یادە ببێتە مایەی ئاشتی. با دوا دایک بێت کە بۆ ئاشتی تێکۆشانی کردووە و ئاشتی نەبینیووە. ئێمە دەمانەوێت مزگێنی ئاشتی بە ساکینە ئارات بگەیەنین. بەڵام هێشتا دەستە درێژکراوەکان بۆ ئاشتی لە هەوادا ماونەتەوە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە. با دەستبەجێ ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بێت. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سری سورەیا ئۆندەر دەخوازین کە ئێستا لەژێر چارەسەردایە. هیوادارین چاک بێتەوە و بەردەوام بێت لە تێکۆشان بۆ ئەو ئاشتییەی کە هەمووان هیوای بۆ دەخوازن".