تەڤ-دەم: سزای سەر پەخشان عەزیزی تاوانە

نوسینگەی ژنانی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئاشکرایکرد سزای لەسێدارەدانی سەر چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ پەخشان عەزیزی تاوانە و سەرکوتکردنی دەنگی گۆڕانکارییە.

نوسینگەی ژنانی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) دەربارەی سەپاندنی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن دادگای ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان کرد لە دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵوێست وەرگرن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشانکراوە بڕیاری لەسێدارەدان بووە بە جێگەی نیگەرانی هەموو خەباتکارانی مافەکانی مرۆڤ و هاتووە: "ئەم بڕیارەی ڕژێمی ئێران بە شێکە لە سیاسەتەکانی بڵاوکردنەوەی ترس و سەرکوتکردن لە دوای سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی'یەوە."

لە ڕاگەیانداوەکەدا دەستنیشانکراوە ئەم بڕیارانەی ڕژێمی ئێران لە دژی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ پەخشان عەزیزی لەو چوارچێوەیەدایە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا بڕیارەکە شەرمەزار کراوە و ئەم بانگەوازییە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کراوە: "هەموو دەرفەتەکانی خۆتان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی پەخشان عەزیزی بخەنەکار، چونکە بێدەنگی دەبێتەهۆکاری ئەوەی لە هەموو ساتێکدا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکرێت."