پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ سازکردنی کۆنگرەی ئاسایی خۆی کە بریارە ١٢ی کانونی دووەم لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە ئامەد سازکرد. کۆبوونەوەکە بە گێڕانی هەڵپەڕکێ دەستیپێکرد. نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسیەکانیش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەمئۆگیولاری لە کۆبوونەوەکەدا وتەیەکی پێشکەش کرد و لە قسەکانی دا ژنانی شۆڕشگێڕ و چالاکوان کە لە پاریس و شڕنەخ تیرۆرکران؛ سەکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویاری بە بیر هێنایەوە.
کۆبانێ نەکەوت، ناشکەوێت!
تولای حاتەمئۆگیولاری هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای بە بیرهێنایەوە و وتی، "جیهان هەرهەمووی لەو پێشهاتە دەڕوانێت، ئەو دۆخە کاریگەری دەکاتە سەر تەواوی جیهان، تەنیا کاریگەرییەکانی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوردار نابێت. دوای رووخانی رژێمی سوریا دیموکراسی لەو وڵاتە نەچەسپا. باکور و رۆژهەڵآتی سوریا لەلایەن چەتەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا دەکرێتە ئامانج. . ئەوانەی دەیانگوت 'کۆبانێ دەکەوێ و لە ئان و ساتی کەوتندایە' ئێستا جارێکی دیکە گەشاونەوە. چیان پێبکرێت بۆ کەوتنی کۆبانێ دەیکەن. بەڵام وەک چۆن خەڵکی کۆبانێ بەرامبەر بە داعش تێکۆشان و بەریان پێگرت، بە هەمان شێوە تێدەکۆشن و کۆبانێ ناکەوێت. ئەمەش دەبێت وانەیەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بیخەن".
تولای حاتەمئۆگیولاری ئەوەشی خستەڕوو کە مۆدێلی چارەسەری بۆ سوریا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی رۆژئاوایە و وتی، "بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە رۆژئاوا ببێتە قەوارەیەکی فەرمی، دەبێت ئێمە پەرە بە تێکۆشانمان بدەین".
دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە
حاتەمئۆگیولاری لە کۆتاییدا ئاماژەی بە سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کرد و وتی: "دەمەوێت باس لە دوو سێ خاڵ بکەم کە بەڕێز ئۆجالان بە شاندەکەمانی راگەیاندووە، لەگەڵ ئێوە باسی بکەم. راگەیەندراوێکی ٧ خاڵیمان بڵاوکردەوە و بە دڵنیاییەوە ئێوەش بەدواداچوونتان کردووە. بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، 'دەبێت هەمووان لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوریا بکەن. دەبێت هەمووان رووداوەکانی غەززە و فەلەستین لە نزیکەوە چاودێری بکەن. کاتێک مرۆڤ لە گەمەی هێزە ئیمپریالیستیەکان لە هەرێمەکە دەڕوانێت، دەبینێت کە دەیانەوێت تورکیا، کوردستان و هەموو ناوچەکان وەک غەززە لێبکەن. لەبەر ئەوە دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. لەبەر ئەوە دەبێت رێککەوتنێکی ئاشتی شکۆمەندانە واژۆ بکرێت'. ئێمە پشتیوانی لەو وتەیە دەکەین. شتێکی دیکەی پێوتین، وەک پەیامهێنەرێک دەمانەوێ بەئێوە بڵێین. وتی، 'سڵاو و خۆشەویستیم ئاراستەی گەلە شکۆمەندەکەم دەکەم کە هەرگیز دەستیان لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە و وایکرد کە دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە'. گەلی کورد وێڕای هێرش و شەڕی زیاتر لە ٤٠ ساڵ، لە ٤ پارچەیکوردستان تێکۆشانی هەبوونی درێژەپێدا و فراوانتری کرد. ئەگەر ئێستا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە لە رۆژئاوا دەتوانێت خۆبەڕێوەبەریی ساز بکات، ئەمەش سەرکەوتنێکی گرنگی گەلی کوردە. ئێمە لە ساتی مێژووییداین. لەو ساتانەدا ئێمە یان بە شێویەەکی ئەرێنی ئاشتی بونیاد دەنێین، یاخود بە شێوەیەکی نەرێنی لە هەموو لایەک وەک غەززەمان لێدێت. هەربۆیە دەمانەوێت لێرەوە بانگەواز ئاراستەی ئەقڵی دەوڵەت بکەین؛ دیدار لە ئیمراڵی بەس نییە، دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لەپێناو ئاشتیدا لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا تێبکۆشێت، پێویستە هەلومەرجی جەستەیی بخوڵقێندرێن".