بنەماڵەی داشتان و بیلگن ویستیان تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرن، بەڵام لە دەروازەی خابوور ڕێگریان لێ دەکرێت

بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین ویستیان بێنە باشووری کوردستان و تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرن، لە دەروازەی سنووری خابوور ڕێگریان لێ دەکرێت.

شاندێک کە پێکدێت لە پەرلەمانتاری دەم پارتی کاموران تانهان و باوکی ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و باوکی ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی ڕێکخراوەکان، بۆ وەرگرتنی تەرمی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، لە نسێبینەوە بەرەو باشووری کوردستان کەوتنەڕێ.

کاتێک شاندەکە گەیشتنە دەروازەی سنووری خابووری سلۆپی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلۆپییەوە بە پاساوی خراپی ئامێری " Xray" ڕاگیران. پێش ئەوەش بە پاساوی "سیستەم وەستاوە" بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لەبەردەم دەروازەکە ڕاگیرابوون، پاشان کاتێک شاندەکە گەیشتنە بەشی " Xray" بە پاساوی خراپبوونی ئامێرەکە، ڕێگریان لێ کرا.

بەم هۆیەوە پەرلەمانتاری کاموران تانهان پەیوەندی کرد بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە، بەڵام تا ئێستەش هەردوو وەزارەتەکە وەڵامێکی ئەرێنیان نەداوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی شاندەکە.

کاموران تانهان ئەم بڕیارەی بە بڕیارێکی میزاجیانە ناوبرد و ڕایگەیاند ئەمە ڕێزنەگرتنە لە تەرمەکان و لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە جیهاندا هەمووان مافی ئەوەیان هەیە، تەرمی ئازیزانیان بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆیان بەخاک بسپێرن، گوتی: "ئەمە مافێکی سرووشتییە، ئێمەش دەمانەوێت تەرمەکان وەربگرین، تاوەکو بەشێوەیەکی شایستە بەخاک بسپێردرێن. داوا دەکەین هیچ ڕێگرییەک نەکرێت، تەرمەکان وەربگرین و لە شارەکانی خۆیان بەخاکیان بسپێرین".

شاندەکە لە دەروازەی سنووری خابوور لە سلۆپی وەستێنراوە.