تەژەئا: لە تێکۆشانەکانماندا ساکینە ئارات بە بیردێنینەوە

تەژەئا ڕایگەیاند کە دایکی ئاشتیی ساکینە ئارات کە لە ١٣ی ئادار گیانی لە دەستدا، هەمووکات لە تێکۆشانەکانماندا یادی بەرز ڕادەگرین.

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) سەبارەت بە کۆچی دوای دایکی ئاشتیی ساکینە ئارات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەبەوەکرا ساکینە ئارات بۆ ئاشتیی، ئازادی و یەکسانی بەرخۆدان و تێکۆشانی بێهاوتای ئەنجام دا.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئادا ئاماژە بەوەکراوە هەروەک دەزانرێت لە تێکۆشانی ئازادی ژنان و گەلی کوردا بە هەزاران ژن و دایکان تێکۆشانی بێهاوتایان ئەنجام دا و گوترا: "لە دایکە فاتمە ئاتەش تاوەکو دایکە تایبەت، موڵکیە ئاڵپ و تاوەکو دایکە ساکینە ئارات، بە هەزاران دایک پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادییان کرد. لەم ڕێگەی حەقیقەتی ئازادییەدا قوربانی زۆر درا و لەم ‌هێڵەدا نەمر بوون".

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەدراوە دایکە ساکینە ئارات ٤ منداڵی لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا بەخشیووە و دوای تێکۆشانی بێهاوتای ٥٠ ساڵەی، دوێنێ کۆچی دوای کرد و گوترا: "بە بیستنی هەواڵی مەرگی دایە ساکینە زۆر خەمباربووین. چونکە دایە ساکینە، بە تێکۆشانی بێهاوتای  بێپچرانی، مێژوویەکی بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادی بە زیندوی ڕاگرتووە.

دایە ساکینە لە هەمانکاتدا دایکی هەڤاڵمان جەماڵ ئاراتە، لە ساڵی ١٩٨٤ دا لە دژی فاشیزمی تورکیا، زوڵم، زۆرداری، نکۆڵیکردن، لە دژی ئەشکەنجەدانی ئەسەد ئۆکتای، ئاڵای ئازادی بڵند کرد. بە گوتنی "بەرخۆدان ژیانە" سەرلەنوێ ژیانەوەی ئافراند".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە دایە ساکینە بە بەرخۆدەرانی زیندانی ئامەد پێشەنگایەتی ژیانەوەی کرد و بوو بە گەواهیدەری ئەم مێژووە زیندوە و گوترا: "بە تایبەت لە بنەماڵەکەی و دایکانی ئاشتیی و گەلی کورد سەرەخۆشی دەکەین. لە کەسێتی دایە ساکینەدا هەموو ژنان و دایکانی ڕێگەی حەقیقەتی ئازادیدا بە ڕێزداری و منەتبارییەوە یاد دەکەیەنەوە و سەرمان لەبەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ئەوان دادەنێین. وەک تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەڵێن دەدەین کە دایە ساکینە ئارات و هەموو بەرخۆدێرانی حەقیقەتی نەمران، تاوەکو کۆتایی لە تێکۆشانی ئازادی ژنان و مرۆڤایەتییدا بژین".